رووداو- سلێمانی
لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و هەندێك نێوەندی میدیایی بانگەشەی ئەوە دەكرێت كە شێرپەنجە هیچ نییە جگە لە كەمیی ڤیتامین (B17) و ئەو ڤیتامینەش لە ناووكی قەیسیدا هەیە، بۆیە بە بۆچوونی ئەوان خواردنی قەیسی بەسە هەم بۆ تووشنەبوون بە شێرپەنجە و هەم بۆ رزگاربوون لە شێرپەنجە.
پۆرتاڵی مێدیكاڵ نیوز تودەی پێداچوونەوەیەكی وردی زانستی ئەنجامداوە لەسەر ناووكە قەیسی، سوود و مەترسییەكانی.
سەرەڕای ئەو سوودانەی ناوكی قەیسی (یان هەڵوژە و هاوشێوەكانیان) هەیەتی، پسپۆڕان هۆشداریدەدەن كە ماددەیەكی نێو ناوكە قەیسی لە جەستەدا دەگۆڕدرێت بۆ ماددەی ژەهرینی سیانید، كەواتە ئایا خواردنی ناوكە قەیسی رێگەیەكی جێگرەوەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی شێرپەنجە یان مەترسییەكی دیكەی زیادەیە بۆسەر تەندروستی جەستە.
پێكهاتەی ناوكە قەیسی
ناوكی قەیسی پێكهاتووە لە پرۆتین (25%)، رێژەیەكی زۆر لە چەوری (50%) و كاربۆهێدرات 8%. ئەوە جگە لە ریشاڵە خۆراكییەكان.
چەورییەكانی نێو ناوكە قەیسی
لە ناوكە قەیسیدا چەورییە بەسوودەكانی ئۆمێگا-3 و ئۆمێگا-6 هەن، كە جەستە ناتوانێ دروستیان بكات و هەر دەبێت لە خۆراكەوە وەربگیرێن و چەندین سوودیان بۆ تەندروستی جەستە هەیە.
كانزا و ڤیتامینەكانی نێو ناوكە قەیسی
بە ڤیتامین (E) دەوڵەمەندە و بڕێكی ئەوتۆی كانزا و ڤیتامینەكانی دیكەی تێدا نییە.
بۆچی دەگوترێ ناوكە قەیسی دژی شێرپەنجەیە؟
قەیسی سوودی تەندروستی هەن، بەڵام بۆ دەگوترێی دژە شێرپەنجەیە، ئەمە تاچەند راستە؟
پاڵنەری پشت ئەو بۆچوونە ماددەیەكە بەنێوی (ئەمیگدالین) كە بە گوتەی ئەوان هێرشدەكاتە سەر خانە شێرپەنجەییەكان و قەڵاچۆیان دەكات.
ئەمیگدالین چییە؟
ئەمیگدالین ماددەیەكی سرووشتییە و لە ناوكە قەیسیدا هەیە. جگە لەوە، لە ناوكی چەندین میوەی دیكەدا هەیە، وەكو: سێو، هەڵووژە، قۆخ و گێلاس.
ئەمیگدالین لەدوای خواردنی لەنێو جەستەدا دەگۆڕدرێت بۆ ژەهری مەترسیداری سیانید.
سیانید خانەكانی جەستە لە بەكارهێنانی ئۆكسجین رادەوەستێنێت و سەرەنجام دەیانكوژێت. لەبەرئەوەی مێشك و دڵ زۆرترین ئۆكسجینیان پێویستە، لە هەموو ئەندامەكانی جەستە زۆرتر تووشی مەترسی بڕانی ئۆكسجین دەبنەوە.
توێژینەوەكان دەڵێن 0.5-3.5 میللیگرام لە سیانید بۆ هەر كیلۆگرامێكی كێشی جەستە، كوشندەیە.
خواردنی 50-60 ناووكەقەیسی، بڕێكی كوشندە لە سیانید دەكاتە جەستەوە، ئەگەر بڕی زۆر لەوە كەمتریش بخۆی هەر مەترسی ژەهراویبوونت بە سیانید هەیە.
ئەو ماڵپەڕانەی رێنمایی خەڵكی دەكەن ناوكە قەیسی بخۆن، دەڵێن كەسانی ئاسایی رۆژانە 5-10 ناووك و تووشبووانی شێرپەنجەش رۆژانە 60 دانەیان پێویستە!
دەزگای سەلامەتیی خۆراك لە ئەوروپا هۆشداریدەدات كە لە كەسانی پێگەیشتوودا خواردنی سێ ناوكی بچووك یان یەك ناوكی گەورەی قەیسی، بڕێكی نەخوازراو لە سیانید دەكاتە جەستە، یەك ناوكی بچووكیش منداڵ ژەهراوی دەكات!
ڤیتامین (B17) چییە؟
ڤیتامین (B17) كە پێیشی دەگوترێ Laetrile لە كارلێكی ئاو و ئەمیگدالینەوە پەیدا دەبێت.
ماددەی Laetrile ساڵی 1961 ناسرایەوە و ساڵی 1970 نێوبانگی پەیداكرد. زانایەكی بایۆ كیمیایی بەنێوی ئیرنست كریبس گوتی كە شێرپەنجە بەهۆی كەمیی ماددەی Laetrile روودەدات و هەر ئەویش بوو كە ماددەكەی ناونا ڤیتامین (B17).
دەزگای خۆراك و دەرمان (FDA)ی ئەمریكی دانی بەو ڤیتامینەدا نەناوە بۆ بەكارهێنان لە مرۆڤدا، چ وەك خۆراك و چ وەك دەرمان و دەڵێ ماددەیەكی سەلامەت نییە بۆ مرۆڤ. هیچ بەڵگەیەكی ستانداردی زانستیش نییە بیسەلمێنێ ڤیتامین B17 هیچ سوودێكی هەیە بۆ هیچ نەخۆشییەك.
تاكو ئێستا هیچ بەڵگەیەك نییە دەریبخات هیچ سوودێكی هەیە لە رووی رێگری لە تووشبوون بە شێرپەنجە یان چارەسەری ئەو نەخۆشییە.
كێ دەڵێ ڤیتامین (B17) بۆ شێرپەنجە باشە؟
ئەو ماڵپەڕانەی بانگەشە بۆ رۆڵی ئەرێنی ڤیتامین (B17) دەكەن لە رووبەڕووبوونەوەی شێرپەنجەدا، پشت بە بەڵگەی مشتومڕاوی و بیروڕای بێ پاڵپشتی زانست دەبەستن. لە راستیدا هیچ بەڵگەیەكی جێگە متمانە نییە بیسەلمێنێ ئەو ڤیتامینە بۆ چارەسەری شێرپەنجە دەستدەدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ