پیاوانی هاوڕەگەزخواز 79 هێندەی پیاوانی دیكە تووشی ئایدز دەبن

رووداو-ئێن بی سی

راپۆرتی نێوەندێكی فەرمیی تەندروستیی ئەمریكی دەڵێت ئەگەری بەركەوتنی پیاوانی هاوڕەگەزخواز بە ڤایرۆسی HIV تووشكەری ئایدز بە راددەیەكی زۆر زیاترە لە كەسانی ئاسایی.

سەنتەری كۆنترۆڵكردن و پێشگیری لە نەخۆشییەكان (CDC) لە ئەمریكا دەڵێ بۆ كەسێكی ئاسایی ئەمریكی ئەگەری بەركەوتنی ڤایرۆسی تووشكەری ئایدز 1% تێپەڕناكات، كەچی ئەگەری تووشبوونی پیاوێكی هاوڕەگەزخواز بەو ڤایرۆسە دەگاتە 50%.

كریستن هێس سەرۆكی تیمی ئامادەكاری راپۆرتەكەی CDC دەڵێ "یەك لە شەشی ئەو پیاوانەی سێكس لەگەڵ پیاوان دەكەن، تووشی ڤایرۆسی تووشكەری ئایدز دەبن، بەو پێیەش 79 هێندەی پیاوانی دیكە ئەگەری تووشبوونیان بە ڤایرۆسی تووشكەری ئایدز زیاترە".

جگە لە پیاوانی هاوڕەگەزخواز، ئەو كەسانەی دەرمانە هۆشبەرەكان بە دەرزی لە خۆیان دەدەن ئەگەری تووشبوونیان بە ئایدز زۆر لە كەسانی ئاسایی زیاترە. ئایدز جگە لە سێكس لە رێگەی خوێن و ئاڵوگۆڕی دەرزی لەنێوان تووشبووان و كەسانی ئاسایی بڵاودەبێتەوە.

راپۆرتەكە نوێیەكەی CDC لە كۆنفرانسێكی زانستی لە بۆستن پێشكەشكرا و چەندین ئاماری گرنگی سەبارەت بە بەربڵاوی و ئەگەری تووشبوون بە ئایدز لە ئەمریكا ئاشكراكرد.

بەپێی ئامارەكان ئەگەری تووشبوونی كەسانی ئاسایی بە ئایدز لە ئەمریكا 1.05% ەو بەوەش 3 ملیۆن دانیشتووی ئێستای ئەمریكا لە یەكێك لە قۆناخەكانی ژیانیان تووشی ئایدز دەبن. بەپێی رەگەزیش 1 لە 62 ی پیاوانی ئەمریكا و 1 لە 221 ی خانمانیان تووشی ئایدز دەبن.