بۆکۆحەرام لەمپەرە لەبەردەم قەڵاچۆکردنی ئیفلیجی منداڵان
رووداو-سلێمانی
گرووپی توندئاژۆی بۆکۆحەرام لەمپەری درووستکردووە بۆ هەڵمەتەکانی قەڵاچۆکردنی ئیفلیجی منداڵان لە نێوەڕاستی ئەفریقا، چونکە چەکدارەکانیان لە ناوچەکانی دەوروبەری دەریاچەی چاد (سێگۆشەی سنووریی نێجیریا-نەیجەر و چاد و دەوروبەریان) ناهێڵن تیمەکانی کوتان هەڵمەتەکانی کوتان ئەنجامبدەن.
پرۆفیسۆر رۆز لیکی، سەرۆکی کۆمیسیاری هەرێمیی ئەفریقا بۆ قەڵاچۆکردنی ئیفلیجی منداڵان، دەڵێ بۆ تیمە پزیشکییەکان سەختە بگەنە زۆنەکانی ململانێی چەکداریی لە وڵاتانی مالی، ئەفریقای نێوەڕاست، کۆنگۆی دیموکرات و ناوچەگەلێکی کامیرۆن، چاد، نەیجەر و نێجیریا کە گرووپی یاخیبووی بۆکۆحەرام کاریگەریی لەسەریان هەیە.
لە کۆنگۆی دیموکرات هێشتاش تاک تاک حاڵەتی تووشبوون بە ئیفلیجی تۆماردەکرێن، لە ناوچەگەلێکی نایجیریا جیهان نازانێ چی دەگوزەرێ لەبارەی هەبوونی ئیفلیجییەوە.
بە گشتی لە ولاتانی نێوەڕاستی ئەفریقا، 15%ی منداڵان لە دژی ئیفلیجی نەکوتراون، هۆکارەکانیش پەیوەستن بە رێگریی کەلتووریی، ململانێی سەربازیی و نەخوێندەواریی دانیشتووان.
لیکی دەڵێ لە 30 ساڵی رابردوودا ژمارەی تووشبووانی ئیفلیجی منداڵان بە راددەی 99% کەمیکردووە، بەوەی ئەوکات ساڵانە 350 هەزار حاڵەتی نوێ تۆماردەکران، کەچی ساڵی رابردوو تەنیا 37 حاڵەت تۆمارکراون.
وەک ئەو باسیدەکات بەهۆی هەڵمەتە جیهانییەکانی کوتانی دژە ئیفلیجی، 16 ملیۆن کەس لە تووشبوون بە ئیفلیجی پارێزراون.
بەپێی پێوەرەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەرکەوتنی حاڵەتێکی نوێی ئیفلیجی لە ناوچەیەک، ئەو ناوچەیە دەکاتە ناوچەیەکی گوماناوی و تەنیا کاتێک بە دڵنیایی پاکبوونەوەی لە ڤایرۆسەکە رادەگەیێندرێ، کە بۆ ماوەی سێ ساڵ هیچ حاڵەتێکی نوێ دەرنەکەون.
ئەگەر بەو شێوەیەی رێكخراوی تەندروستی جیهانی پلانی بۆ داناوە، لە سەرتاسەری جیهاندا و بەتایبەت وڵاتە هەژار و دواكەوتووەكان، هیچ حاڵەتێكی توشبوون نەمێنێت، ئیدی بۆ هەتا هەتایە هیچ منداڵێك تووشی ئەم نەخۆشییە نابێتەوە. بەڵام هەتا تاقە منداڵێكی تووشبوو تۆمار بكرێت، هەموو وڵاتان ترسیان لەسەر دەبێت كە ڤایرۆسەكە دووبارە بڵاو ببێتەوە.