سێكس چۆن کێش دادەبەزێنێت؟

23-10-2018
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن سێكس
A+ A-

رووداو- ئاژانسەکان

بەگوێرەی داتاكانی سەنتەری بەشی تەندروستی و خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان نزیكەی 50%ی خەڵكی ئەمریكا رێجیم دەكەن، چونكە بیر لە دابەزاندنی كێش دەكەنەوە، بەڵام پێویستە سێكس بكرێتە بەشێك لە پلانی دابەزاندنی كێش. چونكە سێكس یارمەتی سووتاندنی كالۆری دەدات، بەڵام تەنیا هەر ئەمەش نییە، سوودەكانی زیاترن.  


جەستەیەكی دروست بەشێكە لە شێوازی ژیانی تەندروست، رێكخستنی كێش بۆ سەلامەتی سییەكان، دووربوون لە شێرپەنجە و بەهێزکردنی ئێسكەكان گرنگە.  

بەگوێرەی ئامارەكان نزیكەی 73.7%ی پیاوان و 66.9%ی خانمانی ئەمریكا كێشیان زۆرە و قەڵەون، بەڵام 66%ی ئەو قەڵەوانەش خەریكی رێجیمن.  

داتاكانی سەنتەری بەشی تەندروستی و خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان دەریانخستووە چالاكییە فیزیكییەكان بەشێكی گرنگن بۆ هێشتنەوەی جەستە بە تەندروستی و دابەزاندنی كێش. سەنتەرەكە پێشنیازدەكات هەفتانە لانیكەم وەرزشی مامناوەند بكرێت. 

سێكس بۆ تەندروستی گرنگە، كالۆریی دەسووتێنێ، هەروەها دڵخۆشی دەهێنێ، بەجۆرێك ئەو وزەیەی لەكاتی سێكسكردن خەرج دەكرێت، هێندەی ئەو وزەیەیە كە لەكاتی وانەیەكی وەرزشكردن خەرج دەبێت.  

سێكس ئارەزووی خواردن كەمدەكاتەوە! 

هۆڕمۆنی خۆشەویستی "ئۆكسیتۆسین" كە لەلایەن مێشكەوە لە گەدە دەردەدرێ، گرنگییەكی زۆری هەیە بۆ كرداری سێكس، سۆزداری، بەستنی پەیوەندی و منداڵبوون.  

ئەم هۆڕمۆنی خۆشەویستییە زۆر زیاد دەكات لەكاتی سێكس، بەتایبەتی لەكاتی گەیشتن بە ئۆرگازم، بەڵام ئەمە تەنیا كاری هۆڕمۆنی خۆشەویستی نییە.  

د.ئیلیزابێس لاوسن، لە بەشی رژێنەكانی دەمار لە نەخۆشخانەی ماساچوستس لە بۆستن روونیدەكاتەوە هۆڕمۆنی خۆشەویستی كە لەكاتی سێكس و چەند پرۆسەیەكی دیكە زیاد دەكات، ئارەزووی وەرگرتنی كالۆری كەمدەكاتەوە. 


سێكس وەرزشە! 

زانكۆی مۆنتریال لە كەنەدا توێژینەوەیەكی لەسەر ژمارەی ئەو كالۆریانە كردووە كە كەسێك لەكاتی سێكس دەیسووتێنێ. 

پڕۆفیسۆر ئانتۆنی كارێلیس كە سەرپەرشتی توێژینەوەكەی كردووە، دەڵێت پیاوان لەكاتی سێكس لانیكەم 101 كالۆری و خانمان 69 كالۆری دەسووتێنن. سەرپەرشتیاری توێژینەوەكە روونیدەكاتەوە ئەم ماوەیە لە سێكس هاوتای 150 خولەك وەرزشی مامناوەندە لە هەفتەیەكدا. ئەمەش هەمان بڕە كە رێكخراوی تەندروستی جیهانی دیاری كردووە.  

سەرپەرشتیاری توێژینەوەكە دەڵێت بەراوردی نێوان سێكس و وەرزشی رێكیان كردووە لەڕووی توانای سووتاندنی كالۆری و بۆیان دەركەوتووە پیاوان 150-390 كالۆرییان سووتاندووە لەماوەی 30 خولەك وەرزشی مامناوەند، خانمانیش 120-380 كالۆرییان سووتاندووە لە هەمان ماوە. 

كاتێك بەراوردی نێوان دوو چالاكییەكەیان كردووە، دەركەوتووە جگە لەوەی كە لەڕووی سووتاندنی وزەوە نزیكەی هاوشێوەن، هاوكات هەموو پیاوان و نزیكەی 95%ی خانمانیش گوتوویانە كە سێكس خۆشترە لە وەرزش.  

كەواتە ئێمە لەكاتی سێكس، جگە لە دەستكەوتنی هەمان كاریگەری تەندروستیی وەرزش، خۆشییەكی زۆریشمان دەستدەكەوێت.  

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە