ژمارەی تووشبووان بە کۆلێرا لە ئەبوغرێب گەیشتە 240 کەس

23-09-2015
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن كۆلێرا
A+ A-


رووداو- هەولێر


ژمارەی تووشبووان بە نەخۆشی کۆلێرا لە شارۆچکەی ئەبوغرێب گەیشتووەتە 240 کەس و 6 کەس گیانیان لەدەستداوە. وەزارەتی پەروەردەی عێراقیش بەهۆی کۆلێراوە خوێندنی قۆناخی سەرەتایی بۆ 18ی مانگی تشرینی یەکەم دوا دەخات.

عەلی تەمیمی، پارێزگاری بەغدا رایگەیاند، ژمارەی تووشبووان بە نەخۆشی کۆلێرا لە قەزای ئەبوغرێب گەیشتووەتە 240 کەس کە 4 یان لە کەمپی پەنابەرانن . ئاماژەی بەوەشکرد 89 حاڵەتیان دوای پشکنین سه‌لمێندراوه‌ كه‌ نەخۆشییەکەیان گرتووە و ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی نەخۆشییەکە گەیشتووەتە ٦ کەس.

تەمیمی، هۆشداری دا لە خێرا بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا، بەهۆی سستی رێوشوێنە تەندروستییەکان بۆ رووبەڕبوونەوەی و تەرخاننەکردنی پارە بۆ دووبارە نۆژەنکردنەوەی پڕۆژەی ئاوی ئەبوغرێب.

پارێزگاری بەغدا ئاماژەی بەوەشکرد ، پڕۆژی ئاوی ئەبوغرێب، لە چەند رۆژی رابردوودا لە دەست چەکدارانی داعش دەرهێنراوە و پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەیە، ئێمە چەند مانگێکە داوای تەرخانکردنی پارەمان بۆ پڕۆژەکە کردبوو، بەڵام وەڵاممان نەدراوەیەوە بە پاساوی نەبوونی پارەوە.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ وەزارەتی پەروەردەی عێراق بەهۆی مەترسی کۆلێراوە، بڕیاریدا خوێندنی قۆناخی سەرەتایی بۆ 18ی مانگی تشرینی یەکەم دوا بخات.
لە راگەیێندراوێکدا وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە " ئەو بڕیارە کاریگەری نابێت لەسەر تاقیکردنەوەی پۆلە ناکۆتاکانی خوێندنی سەرەتایی و بە گوێرەی خشتەی پێشوەختە بەڕێوە دەچێت.

هاوکات ئەنجوومەنی پارێزگای بابل،  باری نائاسایی راگەیاند بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتاکە بە فراوانی و بە گوێرەی زانیارییەکانیش ، تەنیا لەو پارێزگایە ژمارەی تووشبووان گەیشتووەتە 54 حاڵەت و لە پارێزگای موسەننا-ش یەکەم حاڵەتی ئەو پاتەیە تۆمارکراوە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە