رووداو- هەولێر
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی مێشك و دەمار رایدەگەیێنێت لە باشووری کوردستان هیچ سەنتەرێکی تایبەت بە تووشبووانی ئەلزەهایمەر نییە و چارەسەری ئەو نەخۆشانەش پێویستی بە سەنتەرێكی تایبەتمەندە لە بوارەکەدا.
د. زانا عبدولڕەحمان محەممەد، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مێشك و دەمار لە سلێمانی دەڵێت وەکو هەر نەخۆشییەکی دیکە تاوەکو ئێستا هیچ ئامارێکی تایبەتی نەخۆشییەکە لەبەردەست نییە و هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە نەخۆشییەکە تەنیا لەرێگەی کلینیکی تایبەتی پزیشکانەوە چارەسەر دەکرێت.
پسپۆڕەکەی نەخۆشییەکانی مێشك و دەمار دەڵێت تاوەکو ئێستا لە باشووری کوردستان هیچ سەنتەرێكی تایبەت بە نەخۆشییەکانی ئەلزەهایمەر نییە، ئەمە لە کاتێكدایە تووشبووانی ئەلزەهایمەر جیاواز لە نەخۆشانی دیکە چارەسەرەکەیان پێویستی بە ستافێكی راهێندراو و پزیشكی تایبەت هەیە لەنێو سەنتەرێكی تایبەتدا.
د. زانا عەبدولرەحمان روونیدەکاتەوە پێویستە تووشبووانی ئەلزەهایمەر تەنیا لە یەک جێگە چارەسەریان بۆ بکرێت و نابێت لە شووێنێکەوە بۆ شوێنێكی دیکە بگوازرێتەوە و ماڵەوماڵیان پێبکرێت، چونکە گواستنەوەی نەخۆشەکە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنی دیکە، حاڵەتەکە خراپتر دەکات و توانای هەڵسوکەوتی خۆراهێنانی لەگەڵ شوێنە نوێیەکە نامێنێت.
پزیشكە پسپۆڕەکەی مێشك و دەمار روونیدەکاتەوە کاتێك خێزان و کەسوکاری کەسێك هەستدەکەن باپیرەیان یان نەنکیان تووشی لەبیرچوونەوە، لەدەستدانی توانای گفتوگۆ و نەمانی توانای جێبەجێكردنی فرمانەکانی رۆژانە دەبێت، نەخۆشەکانیان دەهێننە نەخۆشخانە و لە کلینیکەکان چارەسەری پێویستیان پێدەدەن. و ئەوەی دەمێنێتەوە ئەرکەکەی دەکەوێتە سەر کەسوکاری نەخۆشەکە.
ئەلزەهایمەر نەخۆشییەکی درێژخایەنە و زیاتر تووشی بەساڵاچووان دەبێت. نەخۆشییەکە تاوەکو ئێستا چارەسەری بنبڕکەری نییە و کەسی نەخۆش تووشی لەبیرچوونەوە دەبێت و توانای جێبەجێکردنی فرمانی رۆژانەیان نامێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ