ئایا تووشبووانی شەکرە دەتوانن شووتی بخۆن؟

رووداو- هەولێر

شووتی یەکێکە لە میوە بەتامەکانی وەرزی هاوین، بەهۆی تامە شیرینەکەشی زۆرجار تووشبووانی شەکرە دەپرسن ئایا دەتوانین شووتی بخۆین؟ ئەمەش چونکە ئەو کەسانەی تووشبووی شەکرەن، دەبێت ئاگایەکی زیاتریان لەو خۆراک و خواردنەوانە بێت کە رۆژانە دەیخۆن تاکو شەکری خوێنیان بەرزنەبێتەوە.


شووتی میوەیەکی دەوڵەمەندە بە ڤیتامینەکانی وەک ڤیتامین A ،C و B12 و هەروەها پۆتاسیۆم، مەگنیزیۆم، ریشاڵ، کالیسیۆم و ئاسنی تێدایە، بەجۆرێک 288 گرام خواردنی شووتی دەتوانێت نزیکەی %31 پێداویستی جەستە بۆ ڤیتامین A دابینبکات. 

توێژینەوەکان دەریانخستووە، تووشبووانی نەخۆشی شەکرە دەتوانن رۆژانە دوو بۆ چوار پارچە شووتی بخۆن و زۆربەی پزیشکانیش هاوڕان کە شووتی دەتوانێت رێگە لە لێکەوتە نەخوازراوەکانی نەخۆشی شەکرەش بگرێت.

شووتی بە ماددەی لایکۆپین دەوڵەمەندە، هەر ئەو ماددەیەشە کە رەنگە سوورەکەی پێدەبەخشێت، لایکۆپین دژە ئۆکسێنێکی بەهێزە و مەترسیی نەخۆشییەکانی دڵ کەمدەکاتەوە، کە نزیکەی %68ی تووشبووانی شەکرە بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵەوە گیانلەدەست دەدەن.

ئەم میوەیە تامەکەی شیرینە بەڵام شەکری خوێن بەرزناکاتەوە بۆیە تووشبووانی شەکرە دەتوانن لە ژەمە خۆراکییەکانیاندا ئەو میوە بخۆن.