لە باشووری کوردستان ساڵانە سەدان هەزار حاڵەتی نەخۆشیی گورچیلە تۆماردەکرێن

23-07-2017
فەرهاد دۆڵەمەری
  شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ شووشتنی گورچیلە بۆ 11 هەزار کەس کراوە
شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ شووشتنی گورچیلە بۆ 11 هەزار کەس کراوە
نیشانەکردن گورچیلە
A+ A-

رووداو- هەولێر 

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان ساڵانە نزیکەی 700 هەزار حاڵەتی جۆراوجۆری نەخۆشییەکانی گورچیلە تۆماردەکرێن، ئەمە لە کاتێکدایە کە لە هەندێک پارێزگای باشووری کوردستان هیچ سەنتەرێکی تایبەت بە گورچیلە نییە.


25 ساڵە ئەم پیاوە شەڕ لەگەڵ مردن دەکات، سەلاح تاوەکو ئێستا سێ جار نەشتەرگەری دەرهێنانی بەرد و جارێکیش نەشتەرگەری چاندنی گورچیلەی کردووە، بەڵام وەک خۆی دەڵێت نەشتەرگەرییەکانی سەرکەوتوو نەبوون، ئەو دووبارە پێویستی بە نەشتەرگەی چاندنی گورچیلە هەیە .

سەلاح کە تووشبوویەکی نەخۆشیی گورچیلەیە دەڵێت: "گورچیلەم بەردی هەبوو، تاوەکو ئێستا سێ جار نەشتەرگەی دەرهێنانی بەردم کردووە، پاشانیش گورچیلەم لاوازبووە،  لە ساڵی 2009  چاندوومەتەوە 5 ساڵ و حەوت مانگ کاری کرد".

بەپێی ئامارەکانی سەنتەری شووشتنی گورچیلە، ساڵی رابردوو زیاتر لە 12 هەزار کەس لە هەولێر شووشتنی گورچیلەیان بۆ کراوە، تەنیا لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵیش 11 هەزار کەس بەهۆی سستی گورچیلەکانیان ئەم چارەسەریەیان بۆ ئەنجامدراوە.

نادر قادر، تووشبوویەکی دیکەی نەخۆشی گورچیلەیە و دەڵێت: "نزیکەی 10 ساڵە توشی نەخۆشی گورچیلە بووم، کە یەکەم جار تووشبووم پەستانی خوێنم دانەدەبەزی، چوومە دکتۆر گوتیان گورچیلەت وەستاوە، لە بەغداد نەشتەرگەری گورچیلەم کرد، بەڵام ئێستا ئەویش وەستاوە". 

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی ساڵی رابردوو 698 هەزار و 408 حاڵەتی جۆراوجۆری نەخۆشیی گورچیلە لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، بەمەبەستی کەمکردنەوەی ئەم نەخۆشیەش پزیشکان رێنمایی تایبەتیان هەیە.

د. ژیار عادل، پسپۆری نەخۆشیەکانی گورچیلە لەو بارەیەوە دەڵێت: "دەرمانی ئازارشکێن بەکارمەهێنن، بەکارهێنانی زۆریان توشیی سستبوونی گورچیلەت دەکات، نەخۆشی شەکرە و نەخۆشی بەرزەپەستانی خوێنت هەبوو، خێرا سەردانی دکتۆر بکە، %45 ئەو کەسانەی تووشی سستبوونی گورچیلە دەبن، تووشبووی شەکرەن".  

داتاکانی وەزارەتی تەندروستی ئەوە دەردەخەن، ساڵی رابردوو 386 کەس بە نەخۆشییەکانی گورچیلە گیانیان لەدەستداوە، لەو رێژەیەش 376 کەسیان بەهۆی وەستانی گورچیلە و 10 کەسی دیکەشیان بەهۆی شێرپەنجەی گورچیلەوە مردوون.    

پێداچوونەوە: هونەر رێبوار

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە