تەندروستی جیهانی: مەیخواردنەوە زیاتر لە ئەیدز و توندوتیژی و رووداوەکانی هاتوچۆ خەڵکی دەکوژێ


رووداو-سلێمانی

رێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵی مەیخواردنەوە ساڵانە سێ ملیۆن کەس دەکوژێت، کە زیاترە لە کۆی قوربانییانی ئایدز، توندوتیژی و رووداوەکانی هاتووچۆ، هەروەک دەڵێ پیاوان زۆرترینی قوربانییەکان پێکدێنن.


رێکخراوە تەندروستییەکەی سەر بە یو ئێن دەڵێ یەک لە بیستی حاڵەتەکانی مردن هۆکارەکەیان مەیخۆرییە، چونکە مەی بە رێگای جیاواز دەبێتەهۆی مردن، هەر شێرپەنجە و لەکارخستنی جگەر و جەڵتەی دڵ و مێشک، تاوەکوو لێکەوتە توندوتیژییەکانی سەرخۆشیی.

راپۆرتە 500 لاپەڕەییەكەی تەندروستی جیهانیی دەڵێ پیاوان 75%ی قوربانییانی مەیخواردنەوە پێکدێنن، بە گشتیش کحول رێگا بۆ تووشبوون بە 200 نەخۆشی خۆشدەکات، لەوانە شێرپەنجە و پەککەوتنی جگەر.

لە راپۆرتەکەدا و بە پشتبەستن بە نوێترین ئاماری بەردەست، هاتووە کە 5.2%ی حاڵەتەکانی مردن بەهۆی مەیخواردنەوە بوون، ئەوە لەکاتێکدایە ئەیدز هۆکاری 1ز8% و رووداوکانی هاتووچۆ 2.5% و توندوتیژییەکان هۆکاری 0.8%ی حاڵەتەکانی مردن بوون لەسەر ئاستی جیهان.

لە راپۆرتە نوێیەکەدا هاتووە کە لەسەر ئاستی جیهان 237 ملیۆن پیاو و 46ملیۆن خانم گرفتیان هەیە بەهۆی لێکەوتە نەرێنییەکانی کحول.