توێژینەوەیەک.. خەڵکی بەئاسانی ناتوانن شێوازی ژیانیان بگۆڕن


توێژینەوەیەکی نوێی ئەمریکی رایدەگەیەنێت ئەو کەسانەی شێوازی ژیانێکی ناتەندروست پەیڕەودەکەن جینەکانیان گۆڕانکاری بەسەردادێت و زیاتر لە مەترسی تووشبوون دەبن بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کاتێک خەڵکیان دەربارەی ئەنجامی توێژینەوەکە ئاگادار کردووەتەوە، زۆربەی کەسەکان ئامادە نەبوون واز لەو شێوازە ژیانە ناتەندروستە بهێنن کە هەیانە.

هاندان بۆ وازهێنان لە جگەرە و خواردنەوە کحولییەکان و هەندێک خواردن زۆرە.

بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە چ شتێک روودەدات ئەگەر بۆت روون بوەوە کە دی ئێن  ئەیەکەت دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی تووشی جۆرە نەخۆشیەک ببیت؟
ئایا ئامادەیت شێوازی ژیانی خۆت بگۆڕیت بۆ ئەوەی مەترسی تووشبوون بەو نەخۆشیە  کەم بێتەوە؟

ژمارەیەک لە توێژەرانی زانکۆی کامبریج ئاماژە بەوە دەکەن، مەرج نییە  خەڵکی ئامادە بن مامەڵەی خۆیان بگۆڕن بۆ ئەوەی کەمتر تووشی نەخۆشی بن.

توێژەرەوەکان شیکاریان بۆ 18 توێژینەوەی جیاوازی خەڵکی کرد کە ئەنجامی  پشکنینی دی ئێن ئەیەکەیان وەرگیرابوو.

ئەنجامی توێژینەوەکە بەو جۆرە بوو، ئەو کەسانەی پێیان گوترابوو دەبێت  شێوازی ژیانیان بگۆڕن بۆ ئەوەی لە مەترسی توشبوون بە نەخۆشییەک دوور  بکەونەوە ئامادە نەبوون ئەو کارە بکەن، چونکە بەلایانەوە سەخت بووە ژیانی خۆیان بگۆڕن.

بەڵام ئەنجامی توێژینەوەکە "جۆب گۆدینۆ"ی سەرسام نەکرد، کە توێژینەوەیەکی  زۆری دەربارەی نەخۆشی شەکرە ئەنجامداوە.

جۆب گۆدینۆ، وانەبێژ لە زانکۆی کالیفۆرنیا، دەڵێ "زۆر جێی سەرسامی نەبوو چونکە گۆڕینی ئەو مامەڵانە زۆر زەحمەتە. ئەوانە  مامەڵەی ئاڵۆزن. لە کۆمەڵگای ئەمڕۆدا زۆر ئاسانترە خواردنی ناتەندروست  بخۆیت. هەربۆیە پێناچێت نەهێشتنی ئەم جۆرە مامەڵانە تەنیا بە پێدانی  هەندێک زانیاریی بەس بێت".

بەڵام ئێستا خەڵکی دەرفەتی زیاتر و رێگایەکی ئاسانتری لەبەردەستدایە بۆ  ئەوەی زنجیرەی دی ئێن ئەیەکەی بزانێت.

لە مانگی نیسانی رابردوودا بواری تاقیکردنەوە بۆماوەییەکان هەنگاوێکی  گەورەی نا، ئەوەش کاتێک کۆمپانیای "23 ئەند می" تایبەت بە جینەکان لە  لایەن "بەشی خۆراک و دەرمانی" ئەمریکاوە رەزامەندی پێدرا بۆ ئەوەی  تاقیکردنەوەی دی ئێن ئەی بۆ خەڵکی بکات و پاشانیش بەشێوەیەکی راستەوخۆ  زانیارییەکە بداتەوە ئەو کەسانەی تاقیکردنەوەکەیان بۆ ئەنجامدراوە.

جەیمس لو یەکێکە لە دامەزرێنەرانی "هێلیکس"، کە کۆمپانیایەکە و زانیاری  دەربارەی دی ئێن ئەی دەداتە ئەو کەسانەی کە سەردانی دەکەن و دەیانەوێت  زانیارییان دەربارەی مەترسی توشبوون لە رێی جینەوە هەبێت.

جەیمس لو، دامەزرێنەری کۆمپانیای هێلیکس، دەڵێ "ئەگەر بمانەوێت مامەڵەی خەڵک بگۆڕین ئەوا دەبێت لە بواری تەندرستییەوە  مامەڵەیان لەگەڵ بکەین. ئەگەر قسە لەگەڵ خەڵکی بکەین دەربارەی ئەو شتانەی  کە پەیوەندیان بە بواری تەندروستیانەوە هەیە ئەوا دەکرێت ئەو هەنگاوە  ئەنجامێکی هەبێت".

توێژینەوەکان بەردەوامن و ئامانجیش تێیدا کۆکردنەوەی زۆرترین زانیارییە بە  ئاراستەی یارمەتیدانی خەڵک بۆ ئەوەی واز لە شێوازی ژیانی خراپیان بهێنن و هەوڵ  بدەن ژیانێکی تەندروستتریان هەبێت.