بۆلیڤیا جێگە بۆ مامانە میللیەکان دەدۆزێتەوە لە کەرتی تەندروستیدا


دانیشتوانی ناوچە دورەدەستەکانی بۆلیڤیا بە تایبەت هیندییە ئایماراکان متمانەیان بە پزیشک و دەرمان نییە لە کاتی دووگیانیدا، هەربۆیە زیاتر پشت بە مامانەکان دەبەستن، حکومەتی بۆلیڤیاش دەیەوێت راهێنانی پزیشکی بە مامانەکان بکات و بیانباتە نێو سیستەمی تەندروستییەوە بەو ئومێدەی ئەم هەنگاوە ببێتە یارمەتیدەرێک بۆ کەمکردنەوەی رێژەی مردنی خانمانی دووگیان لەو وڵاتەدا.


فۆستینا ئۆنۆفری بەشێوەیەکی زۆر شارەزایانە خەریکی مەساجکردنی ژنێکی دووگیانە. 
ئۆنۆفری یەکێکە لە مامانە ناسراوەکانی وڵاتی بۆلیڤیا لە کیشوەری ئەمریکای لاتین. 
هیندیە ئایماراکان و کویچواکان زۆرینەی دانیشتوانی بۆلیڤیا پێکدەهێنن و ژمارەیەکی زۆر لە خانمانی ئەم پێکهاتانەش متمانەیان بە دەرمانی پزیشکی نییە و لە کاتی دووگیانیدا زیاتر پشت بە مامانەکان دەبەستن. 

ماگدالینا کویسپ، خانمی دووگیان، دەڵێ "پێموایە باشترین شت ئەوەیە کە مامانێک و پزیشکێک هەبن بۆ ئەوەی قۆناخی دووگیانی بەشێوەیەکی باش تەواو بێت. مامانەکان لە ماڵەکانی خۆمان مەساجمان بۆ دەکەن و یارمەتیمان دەدەن. پزیشکەکان ئەم کارە ناکەن. ئەوان تەنیا دەرزیمان لێدەدەن، بەڵام مامانەکان بە چەندین شێوەی دیکە یارمەتیمان دەدەن".

حکومەتی بۆلیڤیا بە سەرۆکایەتی ئیڤۆ مۆرالیس راهێنان بە مامانەکان دەکات و پلانی هەیە بیانباتە ناو سیستەمی تەندروستی وڵاتەوە. 
شارەزایانیش ئومێدەوارن ئەم هەنگاوە ببێتە یارمەتیدەرێک بۆ کەمکردنەوەی رێژەی مردنی ژنانی دووگیان، کە بەرزترینە لە ئەمریکای باشووردا و  بە یەکێک لە بەرزترینەکانیش لە سەرانسەری جیهاندا دادەنرێت. 

پزیشکەکانیش دەڵێن، یارمەتی مامانەکان لە هەندێک کاتدا زۆر پێویستە. 

ماریۆ پادیلا، پزیشک، دەڵێ"هەموومان هەوڵمانداوە خۆمان بگونجێنین. هەرچەندە زیاتر دەرمانی رۆژئاوایی باوە بەڵام باوەڕمان وایە پاڵپشتی ئەو ژنانەی کە دەرمانی میللی بەکاردەهێنن زۆر یارمەتیمان دەدات. زۆرجار کاتێک ژنە دووگیانەکان ئازاریان دەبێت داوای یارمەتی لە مامانەکان دەکەین. ئەوان مەساجی ژنە دووگیانەکان دەکەن و مەرهەمی سروشتی بەکاردەهێنن و ئەوەش زۆر یارمەتیدەرە". 

پرۆگرامی سوودوەرگرتن لە مامانەکان و دەرمانە میللیەکان لە نەخۆشخانەکاندا لە ساڵی 2013 دەستیپێکرد، ئەوەش دوای ئەوەی حکومەتی بۆلیڤیا یاسایەکی دەرکرد و دەرمانی میللی بە فەرمی ناساند. 

بەڵام لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا پەرە بە پرۆگرامەکە دراوە و ئێستا رێگا بە مامانەکان دەدرێت لە دەرمانخانەکان و نەخۆشخانەکاندا کار بکەن و یارمەتی خانمانی دووگیان بدەن، بە تایبەتی لە ناوچە دوورەکانی وڵاتدا.