بارزگانانی دەرمان کێشە بۆ نەخۆشەکانی رۆمانیا درووستدەکەن



لە رۆمانیا، لەگەڵ ئەوەی سەر بە یەکێتی ئەوروپایە بەڵام وەک هەندیک وڵاتی دیکەی سەر بە یەکێتییەکە زۆربەی جۆری دەرمانەکانی تێدا دەستناکەوێت بەتایبەت دەرمانی گەشکە کە ئەمەش بووەتە گرفتێکی گەورە لای رۆمانییەکان و بە گوتەی دەرمانسازەکان بێت کۆمپانیاکانی دەرمان دەرمانەکانی رۆمانیا هەناردەی ئەڵمانیا دەکەن و لەوێ بە نرخێکی زیاتر دەیانفرۆشنەوە بەمەش دەرمانەکانی رۆمانیا کەمدەکەن.


دومیترو هه‌ست به‌ خۆشییه‌كی زۆر ده‌كات كه‌ ده‌رمانی بۆ كوڕه‌كه‌ی ده‌ستكه‌وت، چونكه‌ له‌ وڵاته‌كه‌ی خۆی كه‌ رۆمانیایه‌ ده‌رمانی گه‌شكه‌ بۆ كوڕه‌ نه‌خۆشه‌كه‌ی ده‌ستناكه‌وێت. ''ئەمه‌ په‌یوه‌ندی به‌ مه‌رگ و ژیانه‌وه‌ هه‌یه‌. ئەگه‌ر كوڕه‌كه‌م چاره‌سه‌ر نه‌كرێت ئەوا ده‌كرێت كاتێك نووستووه‌، بخنكێت. ماوه‌ی یه‌ك ساڵه‌ ئەم ده‌رمانه‌ به‌كارده‌هێنین بۆ كوڕه‌كه‌م و كێشه‌ی نه‌ماوه‌. به‌ڵام بۆئەوه‌ی له‌ ده‌ستی نه‌خۆشییه‌كه‌ رزگاری بێت پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ ماوه‌ی 5 ساڵ ده‌رمان به‌كاربهێنیت''. 
دومیترو ‌ته‌نیا یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ی ناچاره‌ بچێته‌ وڵاتێكی دیكه‌ بۆ ئەوه‌ی ده‌رمان بۆ كه‌سێكی نه‌خۆشی بهێنێت، ئەو دەڵێ ''ئەگه‌ر له‌ شوێنی من بیت چی ده‌كه‌یت بۆ ئەوه‌ی ژیانی منداڵه‌كه‌ت رزگار بكه‌یت؟ من هه‌ر  كارێك ده‌كه‌م كه‌ پێویست بێت بۆ ئەوه‌ی ده‌رمانه‌كانم ده‌ست بكه‌ون''. 

پرسیاره‌كه‌ ئەوه‌یه‌ چۆن ده‌كرێت له‌ وڵاتێكی ئەندامی یه‌كێتی ئەوروپادا ده‌رمان په‌یدا نه‌بێت؟ ده‌یان ده‌رمانخانه‌ بگه‌ڕێ و ئەو كاته‌ هه‌ندێك شتت بۆ روون ده‌بنه‌وه.

سه‌ردانكه‌رێکی ده‌رمانخانه‌ دەڵێ ''سڵاو. من به‌ شوێن ئەم دەرمانەدا ده‌گه‌ڕێم''. 

''نه‌خێر نیمانه‌''. 

داوا له‌ خاوه‌ن ده‌رمانخانه‌كه‌ ده‌كرێت هه‌وڵێك بدات بۆ ده‌ستكه‌وتنی ئەو ده‌رمانه‌. ئەویش په‌یوه‌ندی به‌ چه‌ندین ده‌رمانخانه‌ی دیكه‌وه‌ ده‌كات و هه‌میشه‌ وه‌ڵامی نه‌خێری پێده‌درێت. 

هۆكاری ده‌ستنه‌كه‌وتنی ده‌رمان له‌ هه‌ندێك وڵاتی ئەندامی یه‌كێتی ئەوروپا بۆ جیاوازی گه‌وره‌ی نرخ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. بۆ نموونه‌، نرخی ده‌رمانی ئاڤاستینی چاره‌سه‌ری شێرپه‌نجه‌ له‌ رۆمانیا 279 دۆلاره، له‌ یۆنان٢٩٩  دۆلاره‌، له‌ بولگاریا 318 دۆلاره‌، به‌ڵام نرخه‌كه‌ی له‌ ئه‌ڵمانیا 472 دۆلاره‌. ئەمه‌ش وایكردووه‌ كۆمپانیاكانی ده‌رمان له‌ ئەڵمانیا ده‌رفه‌ته‌كه‌ بقۆزنه‌وه‌ و ده‌رمانه‌كان له‌و وڵاتانه‌ بكڕن و له‌ وڵاته‌كه‌ی خۆیان به‌ نرخێكی به‌رز بیفرۆشنه‌وه‌. 

جۆرج گێڵه‌ر، خاوه‌ن كۆمپانیایه‌كی ده‌رمان له‌ ئه‌ڵمانیا، دەڵێ ''شته‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ نرخه‌وه‌ هه‌یه‌. سه‌ره‌تا، ده‌رمانه‌كه‌ له‌و وڵاتانه‌ به‌ نرخێكی زۆر باش ده‌كڕین. دواتر لێره‌ به‌ نرخێكی به‌رز ده‌یفرۆشینه‌وه‌ و خواستی بازاڕیش له‌ هه‌بوونی ده‌رماندا پڕ ده‌كه‌ینه‌وه‌''. 

ته‌نیا له‌ ساڵی 2016 دا به‌ بڕی 575 ملیۆن یۆرۆ ده‌رمان له‌ رۆمانیاوه‌ براوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌، ئەمه‌ له‌ كاتێكدایه‌ ده‌بوایه‌ ده‌رمانه‌كه‌ بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی خه‌ڵكی وڵات به‌كاربهێنرایه‌. هه‌ربۆیه‌ هه‌ندێك كۆمپانیا سودێكی زۆریان ده‌ستده‌كه‌وێت به‌ڵام هه‌زاران كه‌س بێ ده‌رمان ده‌مێننه‌وه‌ و ژیانیان ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسیه‌وه‌. ‌