پسپۆرێکی چارەسەری نەزۆکی: خێزان پێکبهێنە، ئینجا بیر لە سەرکەوتنی کار بکەوە


رووداو- هەولێر

پسپۆرێکی چارەسەری نەزۆکی لە سەنتەری خزمەتگوزاریی تەندروستی بەریتانی رایدەگەیێنێت دەبێت خەڵکی هەوڵبدەن لە تەمەنێکی زووتردا منداڵییان ببێت، بۆئەوەی لەکاتی چوونە تەمەن گرفتی زایەندیان بۆ دروستنەبێت.


د. جەین ستیوارت، پسپۆری چارەسەری نەزۆکی لە سەنتەری خزمەتگوزاریی بەریتانی لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ماڵپەڕی تەلەگراف دەڵێت: ئەو کەسانەی حەزدەکەن منداڵییان ببێت دەبێت لە تەمەنێکی گونجاودا پلانی بۆ دابنێن چونکە لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن توانای زایەندی مرۆڤ کەمتردەبێتەوە. 

پسپۆرەکەی چارەسەری نەزۆکی دەشڵێت " ئێمە زۆرجار حاڵەتی وەها دەبینین، بۆ ماوەیەکی زۆر ئەو دوو هاوژینە نەیانهێشتووە منداڵیان ببێت دواتر گرفتیان بۆ دروستبووە و دێنەلامان و داوای منداڵی بلوری دەکەن."

د. جەین ستیوارت روونیدەکاتەوە، هۆکاری بەربڵاوی ئەوەش کە هاوژینەکان ناینەوێت زوو منداڵیان ببێت ئەوەیە کە سەرقاڵی کارکردنن و نایەنەوێت لە کارەکانیان داببڕێنن، بەڵام هاوژینەکان دەبێت سەرەتا بیر لە پێکهێنانی خێزان بکەنەوە، ئینجا بیر لە سەرکەوتنی کار بکەنەوە.

د. جەین دەڵێت: زۆرگرنگە کە کۆمپانیا و فەرمانگە حکومی و تایبەتییەکان پاڵشتی کارمەندەکانیان بن و یارمەتییان بدەن ئەمەش بە دروستکردنی شوێنی تایبەت بە منداڵان.

بەپێی ئامارەکانی پەیمانگەی نیشتیمانی تەندروستی لە بەریتانیا، ئێستا زۆربەی خانمان لە تەمەنی سەروو 30 ساڵی منداڵیان دەبێت، بەبەراورد بەو خانمانەی لە بیستەکانی تەمەندا منداڵیان دەبێت.