دە رێنمایی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ خۆڵبارین

رووداو-ئاژانسەكان

دامەزراوەی حەمەدی پزیشكی لە قەتەر 10 رێنمایی بڵاوكردووەتەوە بۆ رۆژانی خۆڵبارین، بۆ دووربوون لە هەوكردن و هەستەوەری گیرفانەكانی لووت و بۆڕییەكانی هەناسە.

دامەزراوە فەرمییە قەتەرییەكە رێنماییەكانی بۆ ئاژانسەكانی هەواڵ ناردووە و ئەم خاڵانە دەگرێتەوە:

1-كاتی خۆڵبارین تاكو دەتوانن مەچنە دەرەوە، بەتایبەت ئەوكاتانەی زۆرترین تەپوتۆز لە هەوادایە، ئەگەر زۆریش ناچار بووی بچیتە دەرەوە، هەوڵبدە كەمترین ماوە بمێنیتەوە.

2-وەرزش لە هەوای كراوەدا مەكە، بەڵكو لە شوێنێكی داخراو ئەنجامی بدە و دەرگا و پەنجەرەكان تەواو دابخە. پرۆگرامی وەرزش بەمجۆرە بەردەوامبێت تاكو هەوا خاوێندەبێتەوە.

3-داپۆشینی دەم و لووت بە ماسكی تایبوت یان پارچە پەڕۆیەك تاكو تەنۆلكە پیسكەرەكانی هەوا گلبداتەوە.

4-جامی ئوتومبیل دابخە و سوود لە فێنككەرەوەی نێو ئوتومبیلەكەت وەربگرە نەك هەوای دەرەوە.

5-چاوت مەگڵۆفە و دەستی تێمەخە، تاكو تووشی سووربوونەوە و هەوكردنی نەكەی. هەوڵبدە چاویلكەی ئەوتۆ بەكاربهێنی كە داخراوبێ و رێگە نەدات تەپ و تۆز بچێتە چاوت.

6-ئەگەر تووشی سووربوونەوەی چاو هاتی، بە ئاوی خاوێن چاوت بشۆ. بەڵام ئەوانەی هاوێنەی دەرەكی چاویان هەیە، دەبێ بە وریاییەوە ئەم كارە بكەن.

7-كە چوویتە دەرەوە بڕێكی باش ئاو بخۆرەوە، تاكو لە وشكبوونەوە بەدووربی.

8-ئەوانەی هەستەوەرن و زوو زوو تووشی ئەو حاڵەتە دەبن، باشترە لەگەڵ هاتنی ئەو شەپۆلانە سوود لە دەرمانی دژە هەستەوەری (دژە هیستامین) وەربگرن كە لەلایەن پزیشكەكەیانەوە بۆیان نووسراوە.

9-ئەوانەی جەستەیان رێگەخۆشكەرە بۆ هەوكردنی بۆڕیەكانی هەناسە و سییەكان، دەبێ لەگەڵ یەكەم دەركەوتنی نیشانەكانی هەوكردن سەردانی پزیشك بكەن، لە نموونەی ئەو كەسانەش: منداڵان، كەسانی بەتەمەن، ئەوانەی رەبۆیان هەیە، ئەوانەی هەوكردنی درێژخایەنی بۆڕییەكانی هەوایان هەیە، ئەوانەی نەخۆشی دڵیان هەیە، دووگیانەكان و ئەوانەی سییەكانیان تەواو نین.

10-ئەوانەی نەخۆشیی دیكەی درێژخایەنیان هەیە (وەكوو شەكرە) هەر كە تووشی نیشانەكانی هەوكردنی كۆئەندامی هەناسە بوون، خێرا سەردانی نزیكترین یەكەی تەندروستی بكەن.