مەڵاشوو چییە؟ ئایا مەڵاشوو کەوتن هەیە؟
رووداو-سلێمانی
لە کاتی لەدایکبوونی منداڵدا کۆمەڵێک کون لە ئێسقانی سەردا هەن کە دیارترین و گەورەترینیان ئەوەیە کە لە بەشی پێشەوەی سەردا هەیە و پێی دەڵێن مەڵاشوو.
مەڵاشوو قەبارەیەکی دیاریکراوی هەیە و لەماوەیەکی دیاریکراودا دادەخرێت(18-9) مانگ، ئەگەری هەیە زووتر دابخرێ، پێویستە مەڵاشوو تەخت و نیمچە نەرم بێت، هەندێ جار لێدانی هەیە وەک لێدانی خۆینبەر(وەک لێدانی دڵ) .
سوودەکانی مەڵاشوو:
1-لە کاتی لەدایکبوونی منداڵدا یارمەتیدەر دەبێت بۆ تێپەڕبوونی کۆرپەلە بەنێو لەشی ئافرەتدا چونکە ئێسقانەکانی سەر دەچنە سەریەک بەهۆی بوونی ئەو کونانە لەسەردا.
2-یارمەتیدەر دەبن بۆ گەورەبوون و گەشەی مێشک، واتە ئەگەر ئەم کونە زوو دابخرێت و ئێسقانەکان یەک بگرن، مێشک ناتوانێت لەوە زیاتر گەورە بێت و گەشە بکات.
3-لەڕێگەی ئەم کونەوە زانیاری لەسەر مێشک لەڕێگەی سۆنەرو ئامێری دیکەی دیاریکردنی نەخۆشی بە ئاسانی وەردەگیرێت.
4-پزیشک لەڕێگەی دەست لێدانی دەتوانێت زانیاری دەستبکەوێت لەسەر گوشاری نێو مێشک، بۆ نموونە ئەگەر چاڵ بوو بێت واتا نەخۆشەکە لەوانەیە وشک بووبێتەوە، یان ئەگەر دەرچووبێت لەوانەیە گوشاری نێو مێشک زیادی کرد بێت .
5-ئاگاداربن لەکاتی گریان و پاڵ کەوتن و رشانەوە، مەڵاشوو بۆ دەرەوە دەردەچێت ئەمەش ئاساییە.
هەندێک کەس لە کاتێکدا کە مەڵاشوو دەچێت بە ناوەوە و چاڵ دەبێت لەکاتی وشک بوونەوەدا پەستان دەخەنە سەر بەشی سەرەوەی نێو دەم، وا دەزانن مەڵاشووی منداڵەکەیان کەوتووە و بەوە دەیهێننەوە، بەڵام نازانن کە ئێسقانێکی زۆر پتەو لەنێوان دەم و مێشکدا هەیە کە بەهیچ شێوەیەک ئەو پەستانە کاریگەری نیە، بەڵکوو تەنیا ئازاری منداڵەکە ئەدات.
مەڵاشوو بە هیچ شێوەیەک ناکەوێت.
ئامادەکردنی :
د.ئاکۆ کەریم جەلال زەنگەنە
پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان
د. پشدەر عەبدوڵڵا ئیسماعیل
پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان