لیژنەی تەندروستی بەغدا: یاسای بیمەی تەندروستی پەسەند دەكەین
رووداو-سلێمانی
لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گرانكردنی خزمەتگوزاریە تەندروستییەكان رەتدەكاتەوە و ئاشكرای دەكات بەمزووانە یاسای بیمەی تەندروستی پەسەند دەكرێ.
هانی ئەلعیقابی جێگری سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەغدا بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند "لە كۆبوونەوەیەكی هاوبەش لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستی بابەتی گرانكردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكانمان گەنگەشە كرد، ئێمە گرانكردنی خزمەتگوزارییەكان رەتدەكەینەوە مەگەر زیادكردنی نرخەكان رەمزی بن و گوشارێكی زۆر نەخەنە سەر هاووڵاتییان".
عیقابی روونیكردەوە "دەستووری عێراق دەڵێ حكومەت بەرپرسە لە دابینكردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ هەموو هاووڵاتییەك، بۆیە تەنانەت دەبێ ئەگەر هاووڵاتی بۆ چارەسەر پێویستی بە یەكە تەندروستییە ئەهلییەكانیش بوو، حكومەت لەوەشدا هاوكاری بكات و پارەی پێبدات تاكو چاكدەبێتەوە". هەروەك ئاشكرایشی كرد كە لیژنەكەی ئەوان ئێستا سەرنجی زیاتری لەسەر پەسەندكردنی یاسای بیمەی تەندروستییە.
ئەندامەكەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەروەها گوتی "دەكرێ بەشێك لەو بودجەیەی بۆ وەزارەتی تەندروستی دابیندەكرێ، بدرێتە ئەو هاووڵاتییانەی سەردانی نۆڕینگە و نەخۆشخانە ئەهلییەكان دەكەن".
عیقابی جەختیشیكردەوە كە "لیژنەی تەندروستی و ژینگە بەردەوامە لە رێكارەكانی بەرەوپێشچوونی یاسای بیمەی نیشتیمانی و لەگەڵ وەزیری تەندروستیش بابەتەكەیان گەنگەشە كردووە".
لەبارەی زیادكردنی نرخی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكانیش عیقابی گوتی "رازی نابین گران بكرێن، مەگەر زیادكردنەكان تەنیا رەمزی بن و هاووڵاتی بتوانێ پارەكە بدات".