گینیا.. دوو حاڵەتی تووشبوون بە ئیبۆڵا تۆمارکران

رووداو-ئەسۆشیەیتدپرێس

بەرپرسانی تەندروستی گینیا دوو حاڵەتی تۆمارکردنی ڤایرۆسی ئیبۆڵایان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە راگەیاند، رێکخراوی تەندروستی جیهانیش تیمە تەندروستییەکانی لەو ناوچەیە بۆ چاودێری تووشبووان بڵاوکردەوە.

تۆمارکردنی ئەم حاڵەتانە چەند کاژێرێک دوای ئەوە هات کە سیرالیۆن خاوێنبوونەوەی خۆی لە ئیبۆڵا راگەیاند، ئەو هەواڵە سەر لەنوێ هیواکانی لەنێوبردنی ئەو نەخۆشییە کوشندەیان لە رۆژئاوای ئەفریقا پوچەڵکردەوە.

حاڵەتەکان لە ناوچەی کوروپیرای باشووری رۆژهەڵاتی پایتەختی  گینیا تۆمارکراون، بەرپرسانی تەندروستی گینیا دەڵێن جگە لەم حاڵەتانە لە ماوەی هەفتەی رابردوو 3 حاڵەتی مردنی دیکەیان بە ئیبۆڵا تۆمارکردبوو.

 پێپێ بیلیڤۆگ بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی گینیا و ئەندامی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی بەرەنگاربوونەوەی ئیبۆڵا دەڵێ " لەنێو ئەندامانی ئەو خێزانەی گیانیان لەدەستدا منداڵێکی تەمەن ٨ ساڵیشی تیادابوو ئەوەش حاڵەتێکی نەخوازراوبوو بۆیە دەستمان کرد بە لێکۆڵینەوە پاشان حاڵەتێکی دیکەی گوماناویمان دۆزییەوە کە لە ٤ کەس پێکهاتبوون لە خێزانێکدا  و لە باشووری رۆژهەڵاتی کوروپیرا نیشتەجێبوو بوون".

ڤایرۆسی کوشندەی ئیبۆلا ژیانی زیاتر لە  11,300 کەسی لە ناوچەکانی سیرالیۆن، لیبیریا و گینیا کردووەتە قوربانی.

 مامادو ئالێیۆ كە بازرگانێکی نێوخۆییە لە گینیا دەڵێ "بیستنی ئەو هەواڵەی کە سەر لەنوێ ڤایرۆسی ئیبۆڵا تۆمارکراوە، شۆکێکی گەورەبوو، چونکە هەمووان دەزانین ئیبۆڵا لەماوەی رابردوو ژیانی هەزاران کەسی لەنێوبرد، ئێستا وڵاتەکەمان کێشەی ئابووری هەیە و ئیبۆڵاش گەڕاوەتەوە بۆیە نازانین چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە بکەین بەڕاستی ئەمە کارەساتێکی گەورەیە".

رێکخراوی تەندروستی جیهانی داوا لە وڵاتانی هەڵگری ئەو ڤایرۆسە دەکات لە ئامادەباشیدا بن بۆ هەر حاڵەتێکی لەناکاوی تۆمارکردنی نوێی ڤایرۆسی ئیبۆڵا.