بەڤیدیۆ.. پێكەنینی بێژەرەكەی پێشووی جەزیرە لە كۆنگرەی جنێف 2

22-01-2014
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن لۆنا شبل
A+ A-
رووداو- العربیە

لە میانی بەڕێوەچوونی گونگرەی جنێف 2 كە ئەمڕۆ بە بەشداری چەندین وڵات لە سویسرا بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی گونجاوی قەیرانەكانی سووریا دەستیپێكرد، ئەوەی جێگای سەرنجی مدیاكان بوو لە كاتی پێشكەشكردنی وتاری رژێمی سووریا لە لایەن وەلید موعلیمی وەزیری دەرەوە، زەردەخەنەو پێكەنینی بێژەری پێشووی كەناڵی جەزیرەی قەتەری بوو.

لۆنا شبل، بێژەر و پێشكەشكاری كەناڵی جەزیرەی قەتەری كە ئێستا راوێژكاری بەشار ئەسەدی سەرۆكی رژێمی سووریایە، ئەمڕۆ یەكێك بوو لە ئەندامانی شاندی حكومەتی سووریا، كاتێك دەمەتەقێ لە سەر درێژكردنەوەی كاتی وتارخوێندنەوە كەوتە نێوان بان كی مونی سكرتێری نەتەوە یەكگرتووەكان ‌و وەلید موعەلیمی وەزیری دەرەوەی سووریا، لۆنا بە پێكەنین ‌و زەردەخەنەكانی سەرنجی زۆربەی میدیا عەرەبییەكانی بە لای خۆیدا راكێشا.

بە هۆی پابەندنەبوون بە ماوەی دانراو بۆ وتاری شاندەكان، جارێك بان كی مون قسەكردنی بە موعەلیم بڕی، بەڵام ناوبراو لە سەر قسەكانی بەردەوامبوو و داوای كاتی زیاتری دەكرد، ئەگەرچی سكرتێری نەتەوە یەكگرتووەكان گوتی زیاتر لە 25 خولەك لە كاتی خۆت زیاتر قسەت كردووە.

لەكاتی وتارەكەیدا 7 جار زەنگی ئاگاداركردنەوە بۆ موعلیم لێدرا وەك ئاماژەیەك بۆ تەواوبوونی كاتەكەی، بەڵام ناوبراو گوێی پێنەدا تاوەكو دوا جار بان كی مون هاتە سەرخەت‌ و قسەكانی پێبڕی و گوتی "بەرێز وەزیری دەرەوە، پێویستە قسەكانت كوتایی پێ بهێنی، چونكە 25 خولەك لە كاتی خۆت زیاتر قسەت كرد".

پێكەنینەكانی لۆنا شبل بووە مایە سەرەنجی كامێركان كە ناوبراو راستەوخۆ لە پشت هەریەك لە وەزیری دەرەوە و وەزیری راگەیاندنی سووریا دانیشتبوو.

لۆنا لە دایكبووی ساڵی 1975، بێژەری هەواڵی سیاسی‌ و پێكەشكاری بەرنامەی (للنسا‌و فقگ)ی كەناڵی جەزیرە بوو، پاشان لە ساڵی 2010 لەگەڵ چوار بێژەری دیكە دەستی لەو كەناڵە كێشایەوە ‌و ئێستاش راوێژكاری بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریایە.

بەگوێرەی ئاشكرابوونی نامە نهێنییەكانی ئیمەیڵی بەشار ئەسەد، لۆنا بە كەسێكی نزیك ‌و داڕێژەری زۆربەی سیاسەت ‌و بڕیارەكانی ناوبراو دادەنرێت‌ و كاریگەری راستەوخۆی لە سەر وتارو لێدوانەكانی ئەسەد هەبووە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە