لە ئەمریکا 32 کەس بەهۆی خواردنی کاهوو ژەهراویبوون

21-11-2018
هونەر رێبوار
نیشانەکردن کاهوو
A+ A-


رووداو- هەولێر 

سەنتەری کۆنتڕۆڵکردن و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکانی ئەمریکا هۆشداریدەدات لە خواردنی کاهوو لەدوای ئەوەی دەرکەوت کە بە بەکتریای ئیکۆلای پیسبووە. 

سەنتەرە ئەمریکییەکەی تایبەت بە کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکان دەڵێت بەهۆی نەخۆشکەوتنی زیاتر لە 32 کەس لە 11 ویلایەتی ئەمریکا بەهۆی خواردنی کاهوو کە پیسبووە بە بەکتریای ئیکۆلای، هۆشداریدەدەن لە خواردنی کاهوو، داوادەکەن خەڵکی نەیخۆن و فرۆشتنیشی لە چێشتخانە و مارکێتەکان قەدەخەبکرێت. 

سەنتەری کۆنترۆڵکردن و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکانی ئەمریکا دەڵێت لەنێو ئەو حاڵەتانەی تۆمارکراون، یەکێکیان تووشی نەخۆشیی سستبوونی گورچیلەکان بووە، بەڵام ئاشکرایدەکات هیچ کەس بە نەخۆشییەکە نەمردووە، هەروەها دەشڵێت داواکارن هەموو هاووڵاتییان دووربن لە بەکارهێنانی کاهوو، تەنانەت لە زەڵاتەکانیش نەیخۆن و هەموو بەفرگرەکانیش پاکبکەنەوە کە پێشتر کاهووی تێدابووە. 

بەگوێرەی گوتەکانی سەنتەرە ئەمریکییەکە هیچ سەرچاوەیەکی ژەهراویبوونەکە نەدۆزراوەتەوە، بەڵام بەرپرسانی تەندروستی ئەمریکا دەڵێن دەستیان بە پشکنین کردووە بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەکە و رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری نەخۆشییەکە. 

نیشانەکانی هەوکردن بە بەکتریای ئیکۆلای بریتین لە سکئێشەی توند، سکچوونێكی خوێناوی و رشانەوە، نزیکەی 10%ی تووشبووان حاڵەتەکەیان قورستر دەبێت و رەنگە تووشی کۆنیشانەی خوێنبەربوون لەنێو میز ببن، کە سەرەنجام سەردەکێشێت بۆ سستبوونی گورچیلەکان و وەستانیان. 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە