سێكس رۆژانە یەك ملیۆن كەس تووشی نەخۆشی دەكات

رووداو- هەولێر

نەخۆشییە سێكسییە گوازراوەكان بریتین لە گروپێك لە نەخۆشی كە لەرێگەی سێكسەوە دەگوازرێنەوە. بەپێی ئامارەكانی ساڵی 2019ی رێكخراوی جیهانیی تەندروستی، رۆژانە نزیكەی یەك ملیۆن كەس تووشی نەخۆشییە سێكسییە گوازراوەكان دەبن كە ئەمەش دەكاتە ساڵانە نزیكەی 376 ملیۆن كەس.


رێكخراوی جیهانیی تەندروستی هۆشداری دەدات لە زیادبوونی حاڵەتەكان و دەڵێت پێویستە رێ لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییانە بگیرێ، ئەویش بە بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی زیاتر لەبارەی ئەو نەخۆشییانە و رێگەكانی خۆپارێزی و هەروەها سێكسی سەلامەت.

نەخۆشییە سێكسییە گوازراوەكان هۆكارەكانیان دەگەڕێتەوە بۆ ڤایرۆس، بەكتریا، مشەخۆر و كەڕوو. زیاتر لە 20 جۆری نەخۆشی دەگرێتەوە، بەڵام بەربڵاوترینیان لە جیهاندا بریتین لە سوزەنەك، زەهەری، كلامیدیا و هەوكردنی زێ. بەشێكی ئەو نەخۆشییانە نیشانەیەكی ئەوتۆیان نییە، بەڵام لەكاتی دەركەوتنی هەر نیشانەیەك بەتایبەتی لە كۆئەندامی زاوزێ، دەبێت سەردانی پزیشك بكەی و پشكنین بكەی. تووشبوون بەو نەخۆشییانە لەماوەی دووگیانیشدا مەترسیدارە، چونكە هۆكارن بۆ لەبارچوون، مردنی كۆرپەلە، لەدایكبوونی پێشوەختە، هەروەها لەكاتی منداڵبوون لەوانەیە بۆ منداڵەكە بگوازرێنەوە و مەترسیی لەسەر ژیانی دروستبكەن.

بۆ دووربوون لە نەخۆشییە سێكسییە گوازراوەكان، دەبێت دڵنیابیت لەوەی ئەو كەسەی سێكسی لەگەڵ دەكەیت، هیچ نەخۆشییەكی ڤایرۆسی یان بەكتریایی نییە. هەوڵ بدرێت رێگەكانی خۆپارێزی بەكاربهێنرێن بەتایبەتی كۆندۆم، چونكە كۆندۆم جگە لەوەی ئەگەری دووگیانی كەمدەكاتەوە، لە هەمانكاتدا مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە سێكسییە گوازراوەكانیش كەمدەكاتەوە.