دیموكرات و كۆمارییەكانی ئەمریكا لەسەر "زیكا"یش ناكۆكن

رووداو-voanews

زیاتر لە 40 ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریكا لەسەر لیستی پارتی دیموكرات نامەیەكیان ئاراستەی سەرۆكی لیستی زۆرینەی كۆمارییەكان كردووە تاوەكوو پەلەبكەن لە پەسەندكردنی داواكاری ئیدارەی ئەمریكا سەبارەت بە دابینكردنی 1.9 ملیار دۆلار بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشی زیكا.

دیموكراتەكان بەوە كۆمارییەكان تۆمەتباردەكەن كە سەرەڕای تووشبوونی 800 هاووڵاتی ئەمریكی (كە 89 كەسیان خانمی دووگیانن) بە نەخۆشی زیكا، ئەوان وەكوو لیستی زۆرینە هەنگاوی كارایان هەڵنەهێناوە.

هەفتەی رابردوو ئیدارەی ئۆباما گوتی كە بۆ رووبەڕووبوونەوەی زیكا، سوود لەو 510 ملیۆن دۆلارە وەردەگرن كە پێشووتر بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتای ئیبۆلا تەرخانكرابوو.

دیموكراتەكان ناڕەزایی دەردەبڕن لەوەی بەهۆی ئەوەی كۆمارییەكان  پارەی داواكراو سەبارەت بە زیكا خەرجناكەن، بە ناچاری پەنا بۆ پارەی ئیبۆلا ببرێ، بەتایبەت كە ئیبۆلا دووبارە لە ئەفریقا بڵاوبووتەوە و لانیكەم 13 كەسی دیكە لە رۆژئاوای ئەفریقا تووشی ئەو نەخۆشییە بوونەتەوە.

كۆمارییەكان دەڵێن بۆ پەسەنكردنی پارەی داواكراو بۆ رووبەڕووبوونەوەی زیكا، دەبێ روونكردنەوەی زیاتریان پێبدرێ، دەشڵێن بە نیازن بەشێك لەو پارەیە پەسەندبكەن بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام بەڕوونی نەیانگوتووە كەی و چەندی بۆ خەرجدەكەن.