رووداو-سلێمانی
وەزارەتی تەندروستی عێراق لەبارەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بۆ پەنجا پلەی سەدی هۆشداریدەدات و هەندێك رێنماییش بۆ رووبەڕووبونەوەی گەرمای رۆژ بڵاودەكاتەوە.
بەیاننامەیەكی وەزارەتەكە كە سێشەممە 19ی تەمموز بڵاوبووەتەوە و واژووی ئەحمەد رودێنی گوتەبێژی وەزارەتەكەی لەسەرە دەڵێ "پلەی گەرمیی بەرز كار لە هەموو سیستمەكانی جەستە دەكات، بەتایبەت لە منداڵان و كەسانی بەتەمەندا"، داوایش لە هاووڵاتییانی عێراق دەكات خۆیان دووربگرن لە چوونە بەر تیشكی راستەوخۆی هەتاو.
بەیاننامەكە هەروەها دەڵێ "پلەی گەرمیی بەرز و سووتێنەر لە كاژێر 10ی سەرلەبەیانییەوە دەستپێدەكات، بۆیە دەبێ رۆژانە لەدوای ئەوكاتەوە هاووڵاتییان تاكو دەتوانن خۆیان نەدەنەبەر تیشكی راستەوخۆی خۆر"، داوایش لە هاووڵاتییانی عێراقی دەكات "جلی درێژ لەبەربكەن كە زۆربەی بەشەكانی لەش دابپۆشێ، شەپقەی ئەوتۆ لەسەربكەن كە روخساریش لە تیشكی راستەوخۆی هەتاو بپارێزێ، شلەمەنی زۆر بخۆنەوە و كرێمی دژەخۆریش بەكاربهێنن".
لە درێژەی بەیاننامەكەدا هاتووە "لەكاتی هەستكردن بە ماندوویی، دابەزینی فشاری خوێن، كەمبوونەوەی میزكردن و درووستبوونی سنگئێشە دەبێ سەردانی نەخۆشخانە بكەن بۆ جێگەگرتنەوەی ئەو شلەمەنییەی جەستە لەدەستی داوە".
دەستەی گشتی كەشناسی عێراق هۆشداریداوە كە لە چوارشەممە 20ی تەمموزەوە شەپۆلێكی توندی گەرما روو لە عێراق دەكات و پێشبینیدەكرێ لە هەندێك ناوچە پلەی گەرما بۆ 51-53 پلە بەرزببێتەوە.
هەر بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرماوە، ئیدارەی گەرمیان لە هەرێمی كوردستانیش رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی كردە پشووی فەرمی لە سەرجەم فەرمانگە حكومییەكانی سنووری ئیدارەكە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ