چینییەك ناوی خۆی دەكاتە شەڕڤان

19-06-2014
ساڵحێ كەڤربڕی
نیشانەکردن شەڕڤان چینی
A+ A-
رووداو- بیشكیك

خۆشەویستیی گەنجێكی چینی بۆ كورد وای لێدەكات كە ناوێكی كوردی لەخۆی بنێ و خۆی بكاتە "شەڕڤان". شەڕڤان ئێستا نەك هەر بە كوردی قسە دەكات، بەڵكو ئامێری بزق دەژەنێ و گۆرانیی شۆڕشگێڕیی كوردیش بەبێ كەموكوڕی دەڵێت.

ناوە چینییەكەی شەڕڤان (ما سی)یە، خەڵكی شاری سینجانی‌ چینە و تەمەنی 30 ساڵە. شەڕڤان ‌ماوەی یەك ساڵە لە شاری بیشكیكی قیرغیزستان خەریكی خوێندنی ماستەرە. ئەو گەنجە هەواداری هونەری میوزیكی كوردی و مێژووی كوردە و چاودێریی رووداوەكانی كوردستان دەكات. بەڵام بە رەوشی ئێستای رۆژئاوای كوردستان خەمبارە.

ما سی، ئەوكاتەی لە چینیش بوو، بەهۆی رۆژنامە، رادیۆ و تەلەڤزیۆنەكانەوە ئاگاداری رەوشی كورد بوو. بەڵام دوای هاتنی بۆ بیشكیك زیاتر شارەزای كورد بووە.

ئەو گەنجە دوای ئەوەی دێتە بیشكیك، لە زانكۆ بە خوێندكارانی كورد ئاشنا دەبێت و دەبێتە دۆست و هاوڕێیان. شۆڕش عەبدی (شۆڕشی جۆلەمێرگی) كە برادەری شەڕڤانە، دەڵێت خۆشەویستیی ئەو بۆ كورد و زمانی كوردی وای لێكردووە كە ناوێكی كوردی بۆ خۆی هەڵبژێرێت. ئێستا هەموو هاوڕێكانی بە "شەڕڤان" بانگی دەكەن.

شەڕڤان بە كوردی قسە دەكات، ئامێری بزق دەژەنێت و گۆرانیی شۆڕشگێڕیی كوردیش بەبێ كەموكوڕی دەڵێت. شۆڕش دەڵێت "كاتێك داوای لێدەكەین بە چەند رستەیەك باسی كوردمان بۆ بكات، ئەو بە دڵخۆشی وەڵامدەداتەوە و دەڵێ: كوردم زۆر خۆشدەوێ. دەمەوێ زمانی كوردیم باشتر بكەم و كار بۆ كورد بكەم. پێشتر هەرگیز ئاگام لە كورد نەبوو. بەڵام دوای هاتنم بۆ بیشكیك خوێندكاری 10 نەتەوەی جیاوازم ناسین و لە هەموویان زیاتر دڵم بە برادەرانی كورد خۆش بوو."

ما سی باسی گۆرانی و هەڵپەڕكێی كوردی دەكات و دەڵێت "ئاواز و گۆرانی كوردی هەست و جۆشێكی گەورەت پێدەبەخشن. ستران و هەڵپەڕكێی كوردی بۆ من زۆر خۆشە. بەڵام بندەستیی كورد و ئەو هەموو نەهامەتی و دەردەسەریانەی بەسەریان هاتوون، وام لێدەكەن كە زۆرتر نزیك و وابەستەی ئەم خەڵك و زمانە بم."

دەیەوێ ببێتە باڵیۆزی چین لە كوردستان

ما سی، ئاگاداری ئەوەیە كە كوردستان بەسەر چوار پارچەدا دابەشكراوە. هەروەها بە وردی چاودێری كار و چالاكییەكانی سەرۆكەكانی كورد دەكات. زۆربەی هەڤاڵە كوردەكانی خەڵكی باكووری كوردستانن. لە نەورۆزی ئەمساڵدا لەگەڵ قوتابیانی كورد سەرقاڵی چالاكی جەژن بووە. لە كۆرسی ستران و هەڵپەڕكێدا بە جۆش و خرۆشێكی زۆرەوە گۆرانی "جان وەلات"ی دەگوت.

ئەو هەواداری گرووپی رۆزەرینە و فیلمەكەی بەهمەن قوبادی "كیسەڵەكانیش دەتوانن بفڕن" یەكێكە لەو فیلمانەی زۆر حەزی لێیە. بۆیە دەیەوێ كار بۆ منداڵی كورد بكات. شەڕڤان بە ئومێدی ئەوەیە كە رۆژێك ببێتە باڵیۆزی چین لە كوردستانی ئازاد.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە