وەرزش منداڵبوون ئاساندەکات


رووداو-هەولێر

پزیشکانی پسپۆری نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون لە نەرویج دەڵێن ئەو خانمە دووگیانانەی لەماوەی دووگیانییدا وەرزش ئەنجامدەدەن پرۆسەی منداڵبوونییان ئاسانتر و بێ گرفتتر دەبێت.


پسپۆرە نەرویجییەکان لە نوێترین توێژینەوەیاندا رێنمایی خانمانی دووگیان دەکەن کە لەماوەی دووگیانیاندا خۆراکی تەندروست بخۆن و بەلایەنی کەم هەفتانە دووجار چالاکی جەستەیش ئەنجامبدەن.

د.ئالینا ساندا، پسپۆری نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، بەلایەنی کەم هەفتانە دووجار  ئەنجامدانی وەرزش لەماوەی دووگیانیدا یارمەتیدەرە بۆ ئاسانکردنی پرۆسەی منداڵبوونی سروشتی لە خانماندا و تەنانەت گرفتەکانی دوای نەشتەرگەریش کەمدەکاتەوە.

توێژینەوەکە لە زانکۆی ئاگدێر لە نەرویج لەسەر نزیکەی دوو هەزار خانمی دووگیان ئەنجامدراوە، دوای بەدواداچوون پزیشکە توێژەرەکان بۆیاندەرکەوتووە ئەو خانمە دووگیانانەی بەردەوام چالاکی جەستەیی ئەنجامدەدەن و هاوکات ژەمە خۆراکی تەندروستیش دەخۆن جگە لەوەی هۆکارێکە بۆ  تەندروستبوونی خۆیان و کۆرپەکەیان، هۆکارێکیشە بۆ ئاسانکردنی پرۆسەی منداڵبوون.

وەرزشکردن و خواردنی خۆراکی تەندروست لەماوەی دووگیانی لێکەوتە نەخوازراوەکانی وەک پشتئێشە، قەڵەوی، بەرزەپەستانی خوێن و شەکرە لەخانمانی دووگیان کەمدەکاتەوە و کۆرپەکانیشییان بە کێشێکی تەندروستانەش لەدایکدەبن، بەڵام پسپۆران رێنمایی دەدەن لەوەی دەبێت بەپێی راوێژی پزیشک وەرزشەکە ئەنجامبدرێت واتە پزیشک جۆر و راددەی وەرزشەکە بۆ خانمەکە دیاریبکات.