رووداو-هەولێر
پزیشکانی پسپۆری نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون لە نەرویج دەڵێن ئەو خانمە دووگیانانەی لەماوەی دووگیانییدا وەرزش ئەنجامدەدەن پرۆسەی منداڵبوونییان ئاسانتر و بێ گرفتتر دەبێت.
پسپۆرە نەرویجییەکان لە نوێترین توێژینەوەیاندا رێنمایی خانمانی دووگیان دەکەن کە لەماوەی دووگیانیاندا خۆراکی تەندروست بخۆن و بەلایەنی کەم هەفتانە دووجار چالاکی جەستەیش ئەنجامبدەن.
د.ئالینا ساندا، پسپۆری نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، بەلایەنی کەم هەفتانە دووجار ئەنجامدانی وەرزش لەماوەی دووگیانیدا یارمەتیدەرە بۆ ئاسانکردنی پرۆسەی منداڵبوونی سروشتی لە خانماندا و تەنانەت گرفتەکانی دوای نەشتەرگەریش کەمدەکاتەوە.
توێژینەوەکە لە زانکۆی ئاگدێر لە نەرویج لەسەر نزیکەی دوو هەزار خانمی دووگیان ئەنجامدراوە، دوای بەدواداچوون پزیشکە توێژەرەکان بۆیاندەرکەوتووە ئەو خانمە دووگیانانەی بەردەوام چالاکی جەستەیی ئەنجامدەدەن و هاوکات ژەمە خۆراکی تەندروستیش دەخۆن جگە لەوەی هۆکارێکە بۆ تەندروستبوونی خۆیان و کۆرپەکەیان، هۆکارێکیشە بۆ ئاسانکردنی پرۆسەی منداڵبوون.
وەرزشکردن و خواردنی خۆراکی تەندروست لەماوەی دووگیانی لێکەوتە نەخوازراوەکانی وەک پشتئێشە، قەڵەوی، بەرزەپەستانی خوێن و شەکرە لەخانمانی دووگیان کەمدەکاتەوە و کۆرپەکانیشییان بە کێشێکی تەندروستانەش لەدایکدەبن، بەڵام پسپۆران رێنمایی دەدەن لەوەی دەبێت بەپێی راوێژی پزیشک وەرزشەکە ئەنجامبدرێت واتە پزیشک جۆر و راددەی وەرزشەکە بۆ خانمەکە دیاریبکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ