هەموو شتێك لەبارەی دەرمانی گیایی

رووداو-سلێمانی

دەرمانە گیاییەکان ئەو بەرهەمە رووەکییە سرووشتییانەن کە بە مەبەستی درووستکردنی کاریگەری ئەرێنی لەسەر نەخۆشی و حاڵەتێکی تەندروستی دیاریکراو دەدرێن، نەوەک خواردنێکی ئاسایی.

بەکارهێنانی دەرمانی گیایی بەشێکە لە لقی پزیشکیی جێگرەوە، کە ئێستا لە بەشێک لە زانکۆ و پەیمانگە جیهانییەکاندا جێگەی گرنگیپێدانە و لە زۆربەی وڵاتانیش لە چوارجێوەی پزیشکیی میللیدا  بەشێوەی جیاواز پیادە دەکرێ.

بەشێکی زۆر لە دەرمانە پزیشکییەکانیش لە سەرچاوەی سرووشتیی گیایی و رووەکییەوە هاتوون، بەڵام دەرمانی پزیشکیی تەنیا ئەو پێکهاتانەی رووەکەکە لەخۆدەگرن کە بۆ نەخۆشییەکە سوودی هەیە و بە پێوانەیەکی ورد دروستدەکرێن و چەندین قۆناخی توێژینەوە دەبڕن تاکو بۆ بەکارهێنان پەسەند دەکرێن، كەچی لە دەرمانی گیاییدا هەموو رووەکەکە دەدرێتە کەسەکە بێ گوێدانە ئەوەی کامەبەشی بۆ کامە حاڵەت و بە چ بڕێکی ورد سوودبەخشە و بەڵگەکانی سوودەکانیان زۆرتر پشت بە ئەزموون دەبەخشێ نەوەک توێژینەوە و رەخنە.

دامەزراوە زانستییە بەنێوبانگەکانی وەک دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکی ئامادە نین وەک دەرمان دان بە دەرمانە گیاییەکان بنێن، بەڵکو وەکوو جێگرەوەی خۆراکی نێویان دەبەن و ئەو بەدواداچوون و پشکنینانەیان بۆ ناکەن کە دەرمانە پزیشکییەکان پێویستیانە.

بۆیە ئەو نووسین و زانیارییانەی لەسەر قوتوی دەرمانە گیاییاکان هەن لەلایەن دامەزراوە پزیشکییە باوەڕپێکراوەکانەوە پەسەند نەکراون و ئەو قۆناخانەی توێژینەوەیان نەبڕیوە کە دەرمانێکی بڕواپێکراوی پزیشکی پێویستی پێیەتی.

زانستی پزیشکی مۆدێرن بەرهەمە گیاییەکان وەک چارەسەری تایبەتمەندی پزیشکی ناناسێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لەو کەسانەی دەرمانی گیایی بەکاردەهێنن ئاماژە بە کاریگەرییە ئەرێنییەکانیان دەکەن، بۆیە لە هەندێک حاڵەتدا بەکارهێنان یان نەهێنانی ئەو دەرمانانە وەک بابەتیکی مشتومڕاوی ماوەتەوە.

لە وڵاتێکی وەک ئەمریکا رێگەنادرێت لەسەر قوتوی دەرمانە گیاییەکان بنوسرێ کە ئەوانە دەرمانن، یان بۆ چارەسەری حاڵەتێکی دیاریکراو بەکاردێن..بۆ نمونە ئەو دەرمانە گیاییەی دەگوترێ لە خەمۆکیدا بەسوودە، لێی دەنوسرێ کە جێگرەوەیەکی خۆراکییە و سوودی بۆ میزاج هەیە، نەوەک بنوسرێ دەرمانێکی دژە خەمۆکییە.

لەگەڵ هەمو ئەوانەشدا، ئەوانەی دەرمانی گیایی بە خەڵک دەدەن، دەبێ پسپۆڕییان لەو بوارە هەبێ و دوای وەرگرتنی بڕوانامەی سەلمێندراو مامەڵە بەو دەرمانانە بکەن.

ئەو چەمکەش هەڵەیە کە پێیوایە لەبەرئەوەی دەرمانە گیاییەکان تەواو سرووشتین ئیدی تەواو بێ زیانن و بۆ هەموان دەستدەدەن بەکاریان بهێنن، ئەو کەسانەی حاڵەت و نەخۆشییەکی دیاریکراویان هەیە نابێ بێ ئاگاداری پزیشکەکانیان بەکاریان بهێنن.

لە باشووری کوردستان، نێوەندەکانی فرۆشتنی دەرمانە گیاییەکان بۆ کارکردنیان مۆڵەت لە وەزارەتی تەندروستی وەرناگرن، بەڵکو وەک هەر فرۆشگایەکی ئاسایی مۆڵەت لە یەکە کارگێڕییەکانی شار و شارۆچکەکان وەردەگرن.