ئایا مرۆڤ ئاڵوودەی سێكس دەبێ‌؟

رووداو - هەولێر

ماڵپەڕی (NBC news) بابەتێكی بەو ناونیشانە: "ئایا لەڕووی پزیشكییەوە مرۆڤ ئاڵوودەی سێكس دەبێت؟" بڵاوكردووەتەوە. بۆ دەستكەوتنی وەڵامی ئەو پرسیارە پشتیان بە توێژینەوەیەك بەستووە.


پزیشكانی زانكۆی مینێسۆتا توێژینەوەیەكیان كردووە كە بۆچوونی 2000 كەسی تێدا وەرگیراوە. پزیشكان لەوەیان كۆڵیوەتەوە ئاخۆ شتێك هەیە بەناوی ئاڵوودەبوون بە سێكس؟

د.جانا دیكنێسۆن، پسپۆڕی دەروونی دەڵێت: "ئاڵوودەبوون بە سێكس واتە كەسەكە ناتوانێ كۆمەڵێك چالاكی و هەڵسوكەوتی سێكسیی خۆی كۆنترۆڵ بكات و بەردەوام بیری لێدەكاتەوە، تووشی دڵەڕاوكێ و گوشارێكی دەروونیی ئێجگار زۆریش دەبێتەوە لەكاتی جووتبووندا كە ئەمەش لەڕاستیدا گرفتێكی دەروونییە و پێویستی بە چارەسەرە".

پسپۆڕەكەی دەروونی روونیدەكاتەوە ئاڵوودەبوون بە سێكس لەڕووی فیسیۆلۆژی و دەروونییەوە هاوشێوەی ئاڵوودەبوونە بە دەرمان، جگەرە و كحول، ئەمەش كار دەكاتە سەر رەفتارەكانی كەسەكە و ناتوانێ هەست و حەزەكانی كۆنتڕۆڵ بكات. د.جانا دەشڵێت، ئینتەرنێت رۆڵێكی زۆری هەیە و هۆكارە بۆ تووشبوون بەم گرفتە دەروونییە، بۆیە دەبێت بەكارهێنانی سنووردار بكرێت.

لە توێژینەوەكەدا دەركەوتووە خانمان زیاتر لە پیاوان تووشی ئەم گرفتە دەبن، بەپێی ئەنجامەكانی ئەو توێژینەوەیە، نزیكەی 40%ی خانمان ئاڵوودەی سێكس دەبن و ئەمەش بە نەرێنی كاری كردووەتە سەر ژیانی رۆژانەیان.

پسپۆڕانی دەروونی دەڵێن بۆ چارەسەركردنی ئەمە چەندین رێگە هەن كە سەرەتا یارمەتی كەسەكە دەدەن بەسەر دەروونیدا زاڵ بێت، زیاتر كات بۆ بابەتە كۆمەڵایەتییەكان و كارەكەی تەرخان بكات، لە حاڵەتە زۆر توندەكانیشدا دەرمانی تایبەتیان پێدەدرێ.