رێکخراوی "فوودوۆچ": کۆکاکۆلا بووەتەهۆی زیادبوونی قەڵەوی و شەکرە
رووداو-سلێمانی
رێکخراوێکی بایەخدەر بە چاودێریی خۆراک و پاراستنی بەکاربەرانی خۆراک دەڵێ کۆمپانیای "کۆکاکۆلا" قەبارەی مەترسییەکانی خواردنەوە پڕ شەکرەکانی کەمدەکاتەوە وبانگەشە بۆ بەکارهێنانیان دەکات.، کۆمپانیای "کۆکاکۆلا"ش دەڵێ ئەوان تەنیا بانگەشە بۆ بەرهەمە شەکردارەکانیان ناکەن، بەڵکوو بۆ بێ شەکرەکانیشی دەکەن.
مارتن رۆکەر، سەرۆکی لقی رێکخرای "فوودوۆچ" لە ئەڵمانیا، گوتوویەتی "کۆکاکۆلا" لەگرنگیی ئەو مەترسییانە کەمدەکاتەوە کە بەهۆی خواردنەوە شەکردارەکانییەوە درووستدەبن، لەکاتێکدا زانست سەلماندوونی.
رۆکەر گوتووشیەتی کۆکاکۆلا لە رێگەی گوشاری جۆراوجۆرەوە لەمپەر دەخاتە بەردەم هەوڵەکانی قەدەخەکردنی بانگەشە بۆ خواردنەوە شەکردارەکانی و زیادکردنی باج لەسەر بەرهەمەکانی.
بەرپرسەکەی رێکخراوی "فوودوۆچ" رەخنەی لە "کۆکاکۆلا" گرتووە کە لە رێگەی ئینتەرنێت و تەلەڤزیۆنەوە بە رێکلامەکانی هەردوو چینی منداڵان و نەوجەوانان بە تایبەت دەکاتە ئامانج.
بەڵام "کۆکاکۆلا" ئەو تۆمەتانەی رێکخراوی "فوودوۆچ" رەتدەکاتەوە و دەڵێ ئەوان بانگەشە بۆ بەرهەمە بێ شەکر و کەم شەکرەکانیشیان دەکەن و بە گشتیش رێکلامەکانیان ئاراستەی کەسانی خوار تەمەنی 12 ساڵان ناکەن و لایەنگەلی سەربەخۆش بەشێوەی خولی پێداچوونەوە بە بانگەشەکاندا دەکەن.