ئەو منداڵەی بۆ یەکەمجار بەشێوازی بلووری لەدایکبوو تەمەنی گەیشتە 40 ساڵ

19-07-2018
هونەر رێبوار
لەو کاتەوە زیاتر لە پێنج ملیۆن منداڵ بەشێوازی بلووری لەدایکبوون
لەو کاتەوە زیاتر لە پێنج ملیۆن منداڵ بەشێوازی بلووری لەدایکبوون
نیشانەکردن بلووری
A+ A-

رووداو - هەولێر

بەریتانیا لەم مانگەدا یادی دوو رووداوی تەندروستی مێژوویی گرنگ دەکاتەوە، یەکێكیان دامەزراندنی سەنتەری خزمەتگوزاری تەندروستی بەریتانییە و ئەوەی دیکەش لەدایکبوونی یەکەم منداڵی بلوورییە بەر لە 40 ساڵ. 

بەگوێرەی دەستەی پزیشکانی زایەندی و کۆرپەلەزانی، ئەوروپا تاوەکو ئێستا ملیۆنان منداڵی دیکە بەشێوازی تەکنیکی بلووری لەدایکبوون. 

لویس جۆی براون، بۆ یەکەمجار بەشێوازی تەکنیکی بلووریلە 25ی مانگی تەممووزی ساڵی 1978  لەدایکبوو. هەواڵی هاتنە ژیانی ئەو منداڵە هەموو جیهانی گرتەوە. 

پاتریک ستێپتۆی و رۆبێرت ئێدوارد، تاکە زانا و پزیشك بوون، کە بۆ یەکەمجار ئەم تەکنیکەیان بەکارهێنا. ئەم دۆزینەوە و داهێنانەی ئەوان ساڵانە یادی دەکرێتەوە. 

لەدوای ساڵی 1990، کاتێك پێداویستییەکان بۆ چارەسەری نەزۆکی زیادبوون، لە بەریتانیا دەستەی پزیشكانی زایەندی و کۆرپەلەزانی دامەزرا، بۆ دانانی چەندین یاسای تایبەت و رێنمایینامەی پزیشکی بۆ چارەسەری نەزۆکی. 

سالی چیشێر، سەرۆکی دەستەی پزیشكانی زایەندی و کۆرپەلەزانی دەڵێت "منداڵبوونی بلووری هەموو جیهانی گۆڕی، ئێمە تاوەکو ئێستا بەتەواوی نازانین چەند منداڵ لەو ساتەوە لەدایکبوون، بەڵام دەزانین کە بە پێنج ملیۆن، شەش ملیۆن تاوەکو هەشت بۆ 10 ملیۆن دەخەمڵێندرێت. ئەوەی دەزانین ئەوەیە ملیۆنان منداڵ بەهۆی ئەم پێشکەوتن و داهێنان نوێیە لەدایکبوون، کە بۆماوەیەکی درێژ خێزانەکانیان چاوەڕێی منداڵیان کردووە".

لە پێشانگەیەکدا لە مۆزەخانەی زانستی چەندین بابەتی پزیشكی گرنگ هەن، چەندین پێداویستی پرۆسەی منداڵبوونی بلووری هەن، کە لەلایەن خێزانی "لویس جۆی براون"ەوە بەخشراون.

کۆنیی ئۆرباخ، سەرۆکی مۆزەخانەی زانستی دەڵێت "ئێمە پێداویستیییەکانی لویسمان هەڵگرتوون، بازنەکانمان لەلایە لەو کاتە لەدەستیکراون کە لە نەخۆشخانە بووە، پێموایە تەواو هەستبزوێنە کە ببیندرێن، لەلایەن خۆیانەوە بەخشراون، هەروەها ئەو نامەیەمان هەڵگرتووە کە لەلایەن رۆبێرت ئێدوارد، زانا داهێنەرەکەوە نووسراوە، تێیدا بۆ دایکی لێسلی نووسیوە تۆ دووگیانی، بۆیە تکات لێدەکەم کە زۆر مەڕۆ بۆ بازاڕ بۆ کڕینی جلوبەرگ، مەڕۆ بۆ یاری خلیسکێنی سەر بەفر، هیچ کارێكی زەحمەت و ماندووکەر مەکە". 

یاکوب خەڵەف، پڕۆفیسۆری زانستی پزیشكی زایەندی و کۆرپەلەزانی لە نەخۆشخانەی زانکۆیی گێی لە لەندەن دەڵێت، زانست لە بەرەوپێشچووندایە و ئەوەی کراوە تەنیا سەرەتایەکی پرۆسەکەیە. 

سەرباری هەموو پێشکەوتنەکان لە بواری چارەسەری نەزۆکی، ئێستا رێژەی سەرکەوتنی چارەسەری نەزۆکی تەنیا 30% دەبێت. لەنێو ئەوانەش زۆربەی خانمان بەهۆی گرانی نرخەکەیەوە کە بۆ هەر قۆناخێک نزیکەی 3000 پاوەندە، ناتوانن پرۆسەکە جێبەجێبکەن. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە