هەندێک هەڵەتێگەیشتن لەبارەی کحوول


رووداو- هەولێر 

د. نەسرەو مستەفا مەحموود
پسپۆڕی دەرووندروستی


ناحاڵیبوون لە کهوول و کاریگەررییەکانی تەنیا بەردەوامبوون دروستدەکات بەلی ئەوانەی کە دەیخۆنەوە، ئەو دەستەواژانەی خوارەوە هەندێکیان کەمێك راستییان تێدایە؛ بەڵام زۆربەیان بە تەواوی هەڵە و چەوتن، لەوانەیە تۆش هەندێكیانت بەکارهێنابێت یان بەرگوێت کەوتبن.

هەندێك دەستەواژەی هەڵە کە دەبێت راستبکرێنەوە: 


یەکەم
"خواردنەوەی مەشرووب خەتەرە نیە"

لە هەر سێ کەسی تەمەن ١٨-٢٤ ساڵاندا کە بەهۆی پێکانی سەخت داخڵی نەخۆشخانە و یەکەکانی فریاکەوتن دەکرێن، یەکێکیان بە کحوول ژەهراوی بووە. هەروەها خواردنەوەی ئەلکهول لکاوە بە توندوتیژی بۆ خەڵک (تا راددەی کوشتن) و خۆکوشتن و خنکان. 

دووەم 
"دوای خواردنەوەی چەند یەکەیەک کحوول دەتوانم ئۆتۆمبێل لێبخوڕم"

ئەمە دەستەواژەیەکی نادروستە کە لەلای زۆرێك لە بەکارهێنەرانی کحوول بەکاردێت، چونکە تەنیا بە چەند خواردنەوەیەک رێژەی ئەلکهول لەنێو خوێن BAC بەرزدەبێتەوە بۆ 0,08 کە ئەوەش گەلێک زیاترە لەو بڕەی کە دەتوانی تێیدا بە سەلامەتی ئۆتۆمبێل لێبخوڕیت. نزیکەی نیوەی رووداوە کوشندەکانی هاتووچۆ لە تەمەنی نێوان 18-24 ساڵ پەیوەندییان بە زۆرخواردنەوەی کحوول هەیە. 

سێیەم
"هەر کاتێك بمەوێت واز لە خواردنەوەی كحوول دەهێنم و هۆشم دەگەڕێتەوە"

ئەمەش دەستەواژەیەکی ناڕاستە و بیرۆکەیەکی نادروستدە، چونکە لانیکەم سێ کاژێری دەوێت تاوەکو  کحوولی دوو خواردنەوە لە جەستەت دەچێتە دەرەوە، کە لەسەر کێش و هەندێك فاکتەری دیکەش وەستاوە و هیچ شتێك ناتوانێت پرۆسەکە خێراتر بکات، تەنانەت قاوە و دووشی ساردیش پرۆسەکە خێراتر ناکەن. 

چوارەم
"کحوول وریاکەرەوەیە"

بەشێكی بەکارهێنەرانی پێیانوایە کحوول وریاکەرەوەیە، کە ئەمە راست نییە،  لە راستیدا خاوکەرەوەیە بەڵام کاریگەری سەرەتاییەکەی لەسەر رادەی هۆش و کرانەوەی کەسەکە وادەکات وەک وریاکەرەوە دیاربێت. 

پێنجەم
"کحوول گەرمت دەکاتەوە"

ئەمەیان تاڕاددەیەک راستە، کحوول موولوولەکانی خوێنی نزیک بە رووکاری لەش فراوان دەکات، بەوەش هەستێکی 'گەرمداهاتن' دەدات، بەڵام چونکە گەرمی لەش دەردەچێت کحوول نێوەوەی لەش سارد دەکاتەوە. 

شەشەم
"کحوول ئارەزووی سێکسی زیاددەکات"

لە راستیدا ئەو کاریگەرییەی خەڵکی هەستی پێدەکەن لەبارەی ئەوەی کە ئارەزوو زیاددەکات تاڕاددەیەک راستە، چونکە کەسەکە کەمتر سڵ دەکاتەوە و پەردەی هەڵسوکەوت کاڵدەکاتەوە، بەڵام لەڕاستیدا توانای سێكسی زۆرجار بە کحوول کەمدەکاتەوە. 

حەوتەم 
"زۆربەی مەشرووبخۆرەکان بێ زیانن"

ئەمەیان لەڕاستیدا وانییە، چونکە مەشروبخۆرە بێلانەکان ئەوانەی لەسەر شەقامەکانن، تەنیا کەمینەیەکی بەکارهێنەری کحوولن. 

هەشتەم
"بیرە" سەرچاوەی ڤیتامینەکانە

تاڕاددەیەک راستە، بیرە رێژەیەکی دیاری نیاسین (ڤیتامین B3) تێدایە، بەڵام پێویستت بە نزیکەی (یەک لیتر) کحووڵ هەیە تاوەکو پێویستی رۆژانەی لەشت بۆ ئەو ڤیتامینە پڕ بکەیەوە، بەڵام رێژەی ڤیتامینەکانی دیکەی تێدا زۆر کەمە. 

نۆیەم
"کحوول یارمەتی خەوتن دەدات"

کحوول لەراستیدا نەک یارمەتی خەوتن نادات، بەڵکو شێواز و شیرازەی خەوتن تێکدەدات، رێگە لە خەوێکی ئارام و شایستە دەگرێت. 

دەیەم
"گیانلەبەرەکانی تاقیگە حەزیان لە خواردنەوەیە"

لە راستیدا كحوول لەڕێگەی سۆندە دەدرێت بە گیانلەبەرەکانی تاقیگە، ئەمەش بە مەبەستی تاقیکردنەوەی زانستی، چونکە بە حەزی خۆیان ئارەزووی خواردنەوەی كحوول ناکەن. 

یازدەیەم 
باشترە پێش شیردان بیرەیەک بخورێتەوە. 

كحوول رەنگە وەک خاوکەرەوە کاربکات، بەڵام رێژەکەی لەنێو شیری دایک هاوتای رێژەکەیەتی لەنێو خوێندا، كحوول لە شیری دایکدا بەرهەمهێنانی شیر کەمدەکاتەوە، بەهۆی کەمکردنەوەی مژینی کۆرپەکە بۆ مەمکی دایکی. 

پەراوێز: 
*یەک خواردنەوە "پێک" نزیکەی (١٥) گرام کحوولە، کە لە ٣٥٥ مل (بیرە) و ١٣٢ مل ' شەرابی سوور (واین) wine' و ٤٤ مل '(ئارەق) - liquor' دا هەیە.