هولیا ئاڤشار و سەرۆکی CHP شەڕیانە


رووداو – ئاژانسەکان

هونەرمەندی ناسراوی تورکیا هولیا ئاڤشار، کە بە رەچەڵەک کوردە، کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری CHP ی دا بە دادگا.

کڵچدارئۆغڵو لە یەکێک لە لێدوانەکانیدا لە کاتی رەخنەگرتن لە رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ناوی هولیا ئاڤشاری هێنا و بە گوتەی ئاڤشار، سوکایەتی پێکردووە.

لە بەرامبەردا هولیا ئاڤشار داوای قەرەبووکردنەوەی تۆمارکرد لەسەر کڵچدارئۆغڵو بە بڕی 50 هەزار لیرەی تورکی، کە دەکاتە نزیکەی 21 هەزار دۆلار.

سەرۆکی CHP لە وەڵامی ئەم هەنگاوەی ئاڤشاردا جارێکی دیکە هێرشی کردەوە سەر و گوتی "هولیا ئاڤشار کێیە؟ من دڵنیا نیم کە هونەرمەند بێت، ماستاوچی هونەرمەندی لێ دەرناچێت".

ئاڤشاریش لە رێگەی راوێژکارەکەیەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی: "من هیچ گومانم لە چالاکییە هونەرییەکانم نییە لە 31 ساڵی رابردوودا، بەڵام دڵنیام کە کڵچدارئۆغڵو سەرکردە نییە".