ترەمپ بەڵێندەدات بیمەی تەندروستی بۆ هەمووان دابینبكات

16-01-2017
سەروەر سالار
نیشانەکردن ئۆباماكەیر، بیمەی تەندروستی، دۆناڵد ترەمپ
A+ A-

رووداو-سلێمانی

لە نوێترین هەڤپەیڤینیدا لەگەڵ رۆژنامەی واشنتن پۆست، سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ دەڵێ پرۆگرامی تەندروستی "ئۆباماكەیر" بە پرۆگرامێك دەگۆڕێ كە بیمەی تەندروستی بۆ هەموو هاووڵاتییانی ئەمریكا دابینبكات.


بەڵێنەكەی ترەمپ لە دیدارێكیدا هات كە شەوی یەكشەممە 15ی كانوونی دووەم بڵاوبووەوە، بەڵام درێژەی پلانەكەی خۆی ئاشكرا نەكردووە و تەنیا گوتوویەتی كە پلانەكە لە تەواوبووندایە و بەو زووانە لەگەڵ سەرانی كۆنگرێس ئاشكرای دەكات.

ترەمپ گوتوویشیەتی چاوەڕوانی ئەوەیە كە تۆم پرایس، كاندیدی ئەو بۆ پۆستی وەزیری تەندروستی و خزمەتە مرۆییەكانی ئەمریكا، پەسەندبكری.

كاتێك واشنتن پۆست لەبارەی جیاكەرەوەكانی پلانە تەندروستییەكەی پرسیاریان لە ترەمپ كردووە، تەنیا گوتوویەتی "ژمارەكان كەمتر و داشكاندنی زۆرتریشمان دەبێت".

ترەمپ بەڵێنیداوە "بیمەی تەندروستی بۆ هەمووان دابیندەكەین"، لەبارەی پرۆگرامە تەندروستییەكەی ئیدارەی ئۆباما و ئەوانی پێشووتریش گوتوویەتی "پێشووتر فەلسەفەیەك لەگۆڕێ بوو كە دەیگوت ئەگەر پارەت نەبێ ناتوانی سوودمەندبی لێی، بەڵام ئێمە وەها بیرناكەینەوە".

لە هەمان هەڤپەیڤیندا ترەمپ گوتوویشیەتی كە لەبارەی نرخی دەرمانەكانەوە كۆمپانیاكان دەكاتە ئامانج و پێیاندەڵێ لەگەڵ دامەزراوە تەندروستییە حكومییەكان گفتوگۆبكەن بۆ دابینكردنی پلانی تایبەت بۆ تەندروستیی كەسانی هەژار و بەتەمەن.

لەو رۆژانەی دوایی كۆمارییەكان توانییان دەنگی پێویست مسۆگەربكەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئۆباماكەیر، هەرچەند دیموكراتەكان دەیانگوت بەهۆی نەبوونی پلانی جێگرەوەی ئەو پرۆگرامە تەندروستییە، ئەو هەنگاوە دڵەڕاوكێیەكی زۆر لەنێو ئەمریكاییەكان درووستدەكات.

بڕیارە رۆژی هەینی سەرۆكی هەڵبژێردراو دۆناڵد ترەمپ دەستبەكارببێ و بە كردەیی دەست بە هاویشتنی ئەو هەنگاوانە بكات كە لە هەڵبژاردن بەڵێنی جێبەجێكردنی دابوون، لەنێویاندا هەڵوەشاندنەوەی پرۆگرامە تەندروستییەكەی سەرۆك ئۆباما.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە