رووداو- هەولێر
لە بەڕازیل پزیشكانی نەشتەرگەری گشتی دڵخۆشن بە سەرکەوتنی یەکەم پرۆسەی منداڵبوون لە منداڵدانێكی چێندراو کە لە جەستەی ژنێكی مردوو وەرگیرابوو.
پسپۆڕێكی نەشتەرگەری گشتی کە سەرپەرشتی پرۆسەکەی کردووە دەڵێت منداڵەکە لە ٣٦ هەفتەیەمی دووگیانی لەدایکبووە و لەوکاتەدا کێشی ٢.٥ کیلۆگرام بووە و ئەم مانگە تەمەنی دەبێتە یەک ساڵ.
بۆیەکەمجار لە بەڕازیل ئەو خانمەی کە چاندنی منداڵدانی بۆ ئەنجامدرابوو و منداڵدانەکە لە بەخشەرێكی مردوو وەرگیرابوو، منداڵێکی تەندروستی بوو. منداڵەکە ئەم مانگە تەمەنی دەبێتە ساڵێك و بە پرۆسەیەکی سەرکەوتوو هەژماردەکرێت.
ئەم داهێنانە لە بواری نەشتەرگەری کە لە ساڵی 2016 بۆیەکەمجار لە بەڕازیل کرا، دەریخست کە ئەم رێگەیە لە نەشتەرگەری هەزاران خانمی وڵاتەکە لە نەزۆکی رزگاردەکات.
یەکەمجار لە ساڵی 2014 یەکەم لەدایکبوونی مندال لە منداڵدانی خانمێكی بەخشەری زیندوو لەدایکبوو، بەڵام دواتر ساڵی پار بۆ یەکەمجار منداڵێك لە رەحمێكی وەرگرتوو لە خانمێكی بەخشەری مردوو لەدایکبوو و ئێستا تەمەنی نزیکە لە ساڵێك.
نەزۆکی تووشی نزیکەی 10-15%ی خانمان و پیاوان دەبێت. لەنێو ئەوانەش نزیکەی ١ لە هەر ٥٠٠ خانم گرفتیان لە منداڵدان هەیە و ناتوانن منداڵ هەڵبگرن.
ئەو خانمەی نەشتەرگەری چاندنی منداڵدانەکەی بۆ کراوە، تەمەنی 32 ساڵە و بەهۆی گرفتێكەوە بەبێ منداڵدان لەدایکبووە، ئەو خانمەی کە منداڵدانەکەی پێبەخشیوە تەمەنی ٤٥ ساڵە و بەهۆی جەڵتەی مێشك مردووە، دوای مردنیشی منداڵدانەکەی بۆ چاندن بەکارهاتووە.
منداڵدانەکە بە نەشتەرگەری بە تەواوی چێندرا، دوای ٥ مانگ لە نەشتەرگەرییەکە لەڕێگەی سۆنارەوە دەرکەوت کە تەواو حاڵەتەکەی ئاسایی بووە و جەستەی نەخۆشەکە منداڵدانەکەی رەتنەکردووەتەوە.
پاش ٧ مانگ لە نەشتەرگەرییەکە هێلکە پیتێندراوەکان لەنێو رەحمی منداڵەکە داندران، هەواڵە خۆشەکە لەدوای 10 رۆژ گەیشت، خانمەکە دووگیان بوو.
دوای 36 هەفتەیەمی دووگیانی، منداڵێکی 2.5 کیلۆگرامی بە نەشتەرگەری منداڵبوون لەدایکبوو. دوای 3 رۆژ رۆشتنە ماڵەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ