گوگڵ مژدەیەك بە توشبووانی شەكرە دەدات

15-08-2015
سەروەر سالار
نیشانەکردن شەكرە، گوگڵ
A+ A-

رووداو-مێدیكاڵ نیوز تودەی

كۆمپانیای گوگڵ ئاشكرایكرد كە بە نیازن بە هاوبەشی لەگەڵ كۆمپانیای دێكسكۆم ئامرازێك درووستبكەن كە بە بەردەوامی پێوانەی ئاستی شەكرەی خوێن دەكات بەبێ ئەوەی ئازاری هەبێت یان كات بگرێ.

ئامرازەكە بەشێوەی دەستبەندێك لە دەست دەكرێت و بەشێوەیەكی ئوتۆماتیكی پێوانەی شەكرە دەكات بە بەردەوامی. هەردوو كۆمپانیاكە مژدەیان داوەتە تووشبووانی شەكرە كە ئامێرەكە هەرزان دەبێت و دەكرێ ماوە ماوە بیگۆڕیت بە تێچوویەكی كەم، بۆ هەموو جۆرەكانی شەكرەش گونجاو دەبێت. بەكارهێنەر دەتوانێت ئامرازەكە بە سمارتفۆنەكەیەوە ببەستێت و زانیارییەكانی لەسەر پرۆگرامی كڵاود بۆ هەڵبگرێت.

دێكسكۆم كۆمپانیایەكی بواری تەكنۆلۆژیای پزیشكییە و گوتوویەتی كە هەماهەنگییان لەگەڵ گوگڵ بۆ ئەوەیە ئامرازێكی بچووك و هەرزان پێكەوە درووستبكەن بۆ تووشبووانی شەكرە.

لە وڵاتێكی وەك ئەمریكا 29 ملیۆن كەس شەكرەیان هەیە، چواریەكیان نەیانزانیوە شەكرەیان هەیە و بەشێك لەوانەش كە دەستنیشانكراون وەك پێویست بەدواداچوون بۆ ئاستی شەكرەی خوێنیان ناكەن تا لەكاتی پێویستدا كۆنترۆڵی بكەن.

ئەنجامدانی چالاكی جەستەیی، رێكخستنی خۆراك و بەكارهێنانی دەرمان چارەسەری نەخۆشییەكەن، بەڵام بەبێ چاودێرییەكی رێكوپێكی ئاستی شەكری خوێن، كەسی توشبوون وەك پێویست نەخۆشییەكەی كۆنترۆڵ ناكات.

ئێستا پشكنینی ئاستی شەكری خوێن بەوە دەبێت كە بە دەرزییەك خوێن لە پەنجە بهێنرێ و پاشان دڵۆپێك لە خوێنەكە بخرێتە سەر ئامێری پێوانەكە. گوگڵ و دێكسكۆم دەڵێن لە داهاتوودا ئامێرەكەی ئەوان خۆبەخۆ پێوانەی شەكرە دەكات بێئەوەی پێویست بەو پرۆسە ئازاردەر و نائاسوودانەیە بكات.

دێكسكۆم دەڵێ لە 2-3 ساڵی داهاتوودا ئامێرە نوێیەكە دەكەوێتە بازاڕەوە و خەڵكی دەتوانن بیكڕن.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە