دە نیشانەی سەیر لەكاتی دووگیانی

رووداو-فۆكس نیوز

ژمارەیەكی زۆر لە خانمان دەزانن كە دووگیانی بە هەندێك دیاردەی نەخوازراو جیادەكرێتەوە وەكوو: زیادبوونی كێش، ئێڵنجی بەیانیان و هەستكردن بە ماندوێتی و گێژبوون.

بەڵام هەر ئەوانە نین، بەڵكو ئەو هەموو گۆڕانە هۆرمۆنی و فیزیۆلۆجییەی دووگیانی درووستیدەكات، زۆر شتی دیكەیان لێدەكەوێتەوە كە رەنگە بۆت نوێ و سەیر بن، بەڵام ئێمە پێت دەڵێین نیگەران مەبە.

هەرچەندە وا باشە هەر دیاردەیەكی سەیرت تێبینیكرد لەكاتی دووگیانی راوێژ بە پزیشك بكەی، پسپۆڕان دەڵێن ئەم دە نیشانەیەی كاتی دووگیانی جێگەی نیگەرانی نین و تەواو ئاسایین:

1-زیادبوونی تەڕایی زێ:

زیادبوونی تەڕایی زێ لەكاتی دووگیانی بەهۆی گۆڕانە هۆرمۆنە ئاساییەكانەوەیە و زۆربەی كات هۆكارەكە نەخۆشی نییە.
گۆڕانە هۆرمۆنییەكانی كاتی دووگیانی وا لە رژێنەكانی نێو زێ دەكەن چالاك بن و دەردراوی زیاتریان هەبێ، ئەوەش وەكوو تەڕایی زیادە لەلایەن خانمە دووگیانەكە هەستیپێدەكرێ.
تەڕاییە ئاساییەكە سپی یان زەردێكی كاڵە، بەڵام ئەگەر بۆنێكی ناخۆشی لێهات یان ئاڵۆشی لەگەڵ بوو ئەوە رەنگە بەهۆی هەوكردنی كەڕوویی بێ. هەروەها ئەگەر تەڕاییەكە بەردەوام هەبوو وەك ئاویش وابوو، ئەوە رەنگە بەهۆی هاتنەخوارەوەی شلەی دەوری منداڵەكەت بێ، لەم دووبارەدا سەردانی پزیشك بكە.

2-دڵۆپە خوێن لە زێ:

لە 20-40%ی خانماندا لە سێ مانگی یەكەمی دووگیانی تێبینی هاتنەخوارەوەی چەند دڵۆپە خوێنێك دەكرێ و ئەوەش ئاساییە و بەهۆی رۆیشتنی خوێنێكی زیاترە بۆ ملی منداڵدان. هەروەها لە سەرەتای پرۆسەی چاندنی هێلكەی پیتێنراو (6-12 رۆژ دوای پیتێنرانی هێلكە بە تۆو) ئاساییە چەند دڵۆپە خوێنێك بێنەخوارەوە.
خوێنە ئاساییەكە قاوەیی یان پەمەییە، بەڵام ئەگەر خوێنێكی گەشبوو یان بڕەكەی زۆربوو هاوشێوەی سووڕی مانگانە، پەیوەندی بە پزیشكەكەت بكە. چونكە هەندێكجار هەبوونی خوێن نیشانەی لەبارچوونە، یان ناتەواوی وێڵاشە، بەڵام زۆربەی كات ئاساییە و خۆبەخۆ چاكدەبێتەوە.

3-خوێنبەربوونی پووك و لووت:

هۆرمۆنەكانی دووگیانی دەبنەهۆی فراوانكردنی بۆڕییە خوێنەكانی پووك و شانەكانی لووت، ئەوەش وادەكات ئەگەری خوێنبەربوونی سادەی ئەو دووانە زیادبكات، بەتایبەت كاتی خواوێنكردنەوەی لووت یان ددان شوشتن.
بۆیە باشترە هەوای ماڵەكەت شێدار بهێڵیتەوە تاكو لووتت تووشی وشكبوونەوە و خوێنلێهاتن نەبێ، هەروەها فڵچەی نەرمیش بۆ خاوێنكردنەوەی ددان بەكاربهێنی.

4-گۆشتی زیادە:

گۆشتی زیادەی پێست لە ناوچەكانی مل، بنباڵ و بنڕانەكان زیاتر تێبینیدەكرێن لەكاتی دووگیانی، بەتایبەت لەنێوان مانگەكانی 4-6 ی دووگیانیدا.
تاكو ئێستا بە روونی هۆكاری ئەو گۆشتە زیادانە نەزانراوە، بەڵام پەنجەی تۆمەت ئاراستەی گۆڕانە هۆرمۆنییەكان و قەڵەوبوون دەكرێ، كە لەكاتی دووگیانی زیاتر روودەدەن، ئەوە جگە لەوەی چوونەتەمەن و لایەنی بۆماوەش رۆڵیان هەیە.
بەڵام پەیدابوونی پەڵەی قاوەیی یان گۆڕانكاری دیكەی پێست، ئەوە دەهێنن لەكاتی سەردانی مانگانەت بۆ بنكەی تەندروستی راوێژێكی پزیشك بكەی، نەوەك نیشانەی سەرەتایی شێرپەنجەی پێست بێت، كە لە قۆناخە سەرەتاییەكاندا چارەسەری ئاسانە.

5-دڵەكوتێ:

هەبوونی قەبارەیەكی زیاتری خوێن لە بۆڕییەكانی خوێن لەكاتی دووگیانی، دڵ ناچاردەكات هێزێكی زۆرتر بەكاربهێنێت بۆ سووڕاندنی ئەو بڕە خوێنە بە جەستەدا. رەنگە تۆ بەشێوەی توندلێدانی دڵ و تەنانەت بیستنی دەنگی لێدانی دڵی خۆت هەستیپێبكەی و ئەوەش جێگەی نیگەرانی نییە.

6-دەوالی:

لە دووگیانیدا بڕێكی زۆری خوێن لە خوێنهێنەرەكاندا پەنگدەخواتەوە، لەگەڵ گەورەبوونی كۆرپە و منداڵداندا، فشار لەسەر بۆڕییە خوێنەكانی حەوز درووست دەبێ و لەمپەر درووستدەبێ بۆ هاتووچۆی خوێن بەرەو پەلەكانی خوارەوە و لەوانیشەوە بۆ سەرەوە، بۆیە ئەو خوێنە پەنگخواردووەی نێو خوێنهێنەرەكانی پەلەكانی خوارەوە دەوالی درووستدەكەن و ئەوەش جێگەی نیگەرانی نییە.
ئەگەر دەتەوێ ئەگەری تووشبوونت بە دەوالی كەمبكەیتەوە، ئەوە مەهێڵە كێشت لەكاتی دووگیانی زیاد لەپێویست زیادبكات، هەروەها زۆرتر هاتوچۆ بكە تاكو سووڕی خوێنت چالاك بكەی، گۆرەوی تایبەت بە دووگیانیش هەن كە وەها درووستكراون فشار لەسەر خوێنهێنەری قاچ درووستدەكەن و هانی كۆنەبوونەوەی خوێنی زیاد دەدەن.
دەوالی ئەگەر درووستیش ببێ، ئەوە زۆربەی كات دوای منداڵبوون چاكدەبێتەوە، ئەگەر چاكیش نەبێتەوە، ئەوە چارەسەری پزیشكی زۆر هەن.

7-تۆخبوونی گۆی مەمك:

زۆر ئاساییە لەكاتی دووگیانی گۆی مەمك گەورەتر و تۆختر ببێ، ئەمە هەم بەهۆی زۆربوونی چالاكی سووڕی خوێنە تێیدا، هەم جەستەت خۆی ئامادە دەكات بۆ شیردانی دوای لەدایكبوونی كۆرپەكەی نێو سكت.

8-پشتئێشە و سڕبوونی قاچ:

لەكاتی دووگیانیدا هۆرمۆنێك لە جەستەدا زیاددەكات بەنێوی "ریلاكسین" كە كاری ئەوەیە ماسولكە و جومگەكانی حەوز خاوبكاتەوە و پرۆسەی منداڵبوونی سرووشتی ئاسان بكات. بەڵام هۆرمۆنەكە لەهەمانكاتدا دەبێتەهۆی شلبوونەوەی ماسولكە و جومگەكانی دیكەی لەشت. بەتایبەت بڕبڕەكانی پشت و جومگەی نێوان پشت و حەوز، ئەوەش پشتئێشە درووستدەكات، درووستبوونی هەندێك فشاریش لەسەر دەمارەكانی كە لە پشتەوە دەچن بۆ قاچ، سڕبوونی قاچەكان درووستدەكات.

پشتئێشەكە لە زۆربەی حاڵەتەكاندا دوای منداڵبوون نامێنێ، بەڵام سڕبوونەكە ئەگەر زۆربوو رەنگە نیشانەی خزانی دیسكی نێوان بڕبڕەكانی پشتت بێ و باشترە لەمبارەدا راوێژ بە پزیشك بكەی لەكاتی سەردانی مانگانەی بنكەی تەندروستی.

9-ئازاری مەچەك:

هەڵاوسانی شانەكانی مەچەك و دەوروبەری، فشار دەخەنە سەر ئەو دەمارانەی لەژێر تونێڵی مەچەكەوە بۆ دەست و پەنجەكان دەڕۆن، ئەوەش ئازار و سڕبوونی دەست و مەچەك درووستدەكات. ئەم حاڵەتە بەزۆری لە قۆناخەكانی كۆتایی دووگیانیدا درووستدەبێت، ئەوكاتەی هەڵاوسانی شانەكانی لەش زیاترە.
دوای منداڵبوون حاڵەتەكە كۆتاییدێت، بەڵام ئەگەر كاتی دووگیانییەكە زۆر بێزاری كردی، ئەوە بەكارهێنانی هەندێك ئامرازی سادەی پزیشكی كە لە مەچەك دەبەسترێن، ئاوسانەكە كەمدەكاتەوە و سەرەنجام ئازار و سڕبوونەكەش كەمدەبێتەوە.

10- خەونی ناخۆش:

بینینی خەونی ناخۆش و ترسناك بە منداڵەكەی نێو سكتەوە یان بەو مداڵانەی ئێستا هەتن، زۆر ئاساییە. دەروونناسان دەڵێن نەستی خانمانی سكپڕ زۆر سەرقاڵە بە خەمی ئەوەی منداڵێكی تەندروست و سەلامەتی ببێت، بۆیە ئەو خەم و دڵەڕاوكێیەی نەست بەشێوەی خەون دەردەكەونەوە.