روونكردنەوەی شیروان عەبدوڵڵا لەسەر پەیجەكانی فەیسبووك

رووداو – هەولێر

شیروان عەبدوڵڵا گۆرانیبێژ، كە لەنێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بە (مامۆستا شیروان) ناسراوە‌و چەند پەیجێكیش بەو ناوە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك كراوەتەوە، رەتیدەكاتەوە دوور و نزیك پەیوەندی بەو پەیجانەوە هەبێت.

شەوی رابردوو شیروان عەبدوڵڵا میوانی بەرنامەی (ئەڤین ژن و ژیان)ی كەناڵی كوردماكس بوو، لە بەشێكی بەرنامەكەدا شیروان عەبدوڵڵا وەڵامی پرسیاری میوانانی بەرنامەكەی دایەوە. سەبارەت بە پەیجەكانی فەیسبووك، گوتی: "من بە هیچ شێوەیەك فەیسبووك بەكارناهێنم و هیچ پەیجێكیشم نییە، هیواداریشم ئەوانەی بە ناوی منەوە پەیجیان كردووەتەوە بۆ كاری باش بەكاری بهێنن".

شیروان عەبدوڵڵا وەك خۆی ئاماژەی پێكرد ماوەی 22 ساڵە لەبواری گۆرانی گوتندا كاردەكات، ئەو سەبارەت بە تەمەنی پرسیاری لێكرا و گوتی "هیچ پێویست ناكات تەمەنم بشارمەوە من ئێستا 40 ساڵم و ساڵێكی دیكە ئەبم بە 41 ساڵ".