دابەزینی فۆسفاتی خوێن تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ زیاددەکات

توێژینەوەیەکی بەریتانی دەریخستووە

رووداو-سلێمانی

توێژینەوەیەکی نوێ لە بەریتانیا دەریخستووە دابەزینی ئاستی فۆسفاتی خوێن ئەگەری تووشبوونی کەسەکە بە نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی دڵ زیاددەکات.


توێژەرەکان لە زانکۆی (سورێی Surrey) بەریتانی بوون و ئەنجامە بەدەستهاتووەکانیان لە جۆرناڵی کۆمەڵەی ئەمریکی بۆ پێشخستنی زانست بڵاوکردووەتەوە.

لە توێژینەوەکەدا بۆ ماوەی 5-9 ساڵ بەدواداچوون کراوە بۆ پەیوەندی نێوان ئاستی فۆسفاتی خوێن و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ لە 100 هەزار هاووڵاتی بەریتانیدا.

توێژەرەکان بۆیان دەرکەوت ئەوانەی ئاستی فۆسفاتی خوێنیان نزمە، زۆرتر تووشی نەخۆشییەکانی دڵ دەبن، بە بەراورد بەوانەی ئاستی فۆسفاتی خوێنیان بەرزە.

توێژەران گوتوویانە ماددەی فۆسفات هاوسەنگیی کیمیایی خوێن بەشێوەیەک رادەگرێ کە پەیوەندییەکی بەهێزی هەیە بە کارکردنی دڵەوە.

سەرچاوە گرنگەکانی فۆسفات لە خۆراکدا بریتین لە: شیرەمەنییەکان، چەرەسەکان، ماسی، گۆشت و دانەوێڵە توێکڵدارەکان.