ئایا پرتەقاڵ و مۆزی عێراق بە ئایدز پیسبوون؟

رووداو-سۆمەرییە نیوز

چەند رۆژێكە لە هەندێك ماڵپەڕ و لەنێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا هەواڵێك بڵاوبووەتەوە كە ئەو میوەیەی دێـتە پارێزگاكانی عێراق بە ئەنقەست بە هەندێ ڤایرۆس ،لەوانە ڤایرۆسی تووشكەری ئایدز و هەوكردنی ڤایرۆسیی جگەر، پیسكراوە ئەویش بە لێدانی خوێنی پیسبوو بەو دوو ڤایرۆسە لە رێگای دەرزییەوە بۆ نێو میوەكان. تەنانەت هەندێك پەیج دەڵێن كورتەنامە بۆ بەرپرسان رۆیشتووە كە مۆز و پرتەقاڵی نێو عێراق نەخۆن!

چوارشەممە 11ی شوبات گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق ئەحمەد رودێنی ئەو دەنگۆیانەی رەتكردۆتەوە و وتوویەتی "ئەو دەنگۆیانەی باس لە پیسبوونی پرتەقاڵ بە جۆرەها ڤایرۆس و لەنێویاندا ئایدز دەكەن دوورن لە راستییەوە".

رودێنی گوتوشیەتی "پرتەقاڵ سەدا سەد سەلامەتە و ڤایرۆسی ئایدز بەهیچ شێوەیەك لەڕێكەی خۆراكەوە ناگوازرێتەوە". بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا رودێنی ئاشكرای كردووە كە وەزارەت هەندێك رێوشوێنی كارگێڕی دەستپێكردووە بۆ لێكۆڵینەوە سەبارەت بە بابەتەكە.