ئەمڕۆ بەرنامەی دکتۆر ئۆنلاین لە رادیۆی رووداو پێشکەشکرا

رووداو-هەولێر

ئەمڕۆ بەرنامەی دکتۆر ئۆنلاین لە رادیۆی رووداو پێشکەشکرا، تێیدا پسپۆڕێكی نەخۆشییەکانی جومگە و شیاندنی پزیشكی باسی لە نەخۆشیی رۆماتیزم کرد و هۆکار و چارەسەری نەخۆشییەکەی خستەڕوو.

د، چرا حەوێزی لە بەرنامەی ئەمجارەی دکتۆر ئۆنلایندا لەڕێگەی باسکردن و وەڵامدانەوەی کۆمێنت و پەیوەندییەکانی هاونیشتمانییان نەخۆشیی رۆماتیزم، تەواوی هۆکار و چارەسەرەکانی نەخۆشییەکەی خستەڕوو. 
 
دکتۆر ئۆنلاین بەرنامەیەکی پزیشكی تۆڕی میدیایی رووداوە، هەموو رۆژانی شەممە لە رادیۆی رووداو پێشکەش دەکرێت، هەر بەرنامەیە و نەخۆشییەکی بەربڵاو، هۆکار، نیشانە و چارەسەرییەکانی نەخۆشییەکە لەلایەن پزیشكێكی پسپۆڕ رووندەکرێنەوە. 


رۆماتیزم زاراوەیەکی گشتگیرە، گرووپێکی فراوان لە نەخۆشی دەگرێتەوە کە زۆربەیان کار لە جومگەکان و بەستەرەشانەکان دەکەن، جیاکەرەوەی زۆربەیان ئازاری درێژخایەن یان دووبارەبوونەوەی چەندین نۆرە ئازارە و بەشێکیان ئەگەر کۆنترۆڵنەکرێن جەمگە و بەسەتەرەشانەکان دەشێوێنن و دوورنییە پەکیان بخەن.

رۆماتیزم نەخۆشیی و ناسازییەکی دیاریکراو نییە، بەڵکو چەترێکە لەژێریدا 200 نەخۆشیی جیاواز هەن.

هەوکردنی جومگەکان، نیشانەیەکی هەرەدیارە لە زۆربەی نەخۆشییە رۆماتیزمییەکاندا، بەڵام نەخۆشی رۆماتیزمیش هەن کە مەرج نییە تێیاندا جومگەکان گرفتیان هەبێ.

هۆکاری زۆربەی نەخۆشییە رۆماتیزمییەکان، درووستبوونی گرفتە لە کۆئەندامی بەرگریدا، بەجۆرێک سیستمی بەرگری جەستە سەری لێدەشیوێت و پەلاماری شانەکان دەدات و تووشی هەوکردنیان دەکات.  کە ئەمجۆرانە لە نەخۆشییەکان خۆپاراستن لێیان ئەستەمە. 

 بەشێکی دیکەیان بەهۆی چەوتیی شیوازی ژیان روودەدەن. ئەم گروپە لە نەخۆشییەکان دەتواندرێت بە دابەزاندنی کێشی جەستە، زیادکردنی وەرزش، خۆ دوورگرتن لە زۆر ماندووکردنی جومگەکان و بەسەتەرەشانەکان، ئەگەری تووشبوون پێیان کەمبکرێتەوە.

چارەسەری زۆربەی درێژخایەنەکان فرەجەمسەر و درێژخایەنە. فرە جەمسەر بە واتای ئەوەی هەمانکات لەگەڵ دەرماندا، پێویستیان بە چارەسەری فیزیایی و راهێنانەوەی سرووشتییە، درێژخایەنیش واتا لە زۆربەیاندا کەسەکە بە درێژایی ژیانی پیویستی بە چارەسەر و بەدواداچوون دەبێ.

بەهۆی لێکەوتە نەخوازراوەکانی نەخۆشییە رۆماتیزمییەکان و ئەو دەرمانانەی کۆنترۆڵیان دەکەن، تووشبووان پێویستیان بە پشکنین و بەداواچوونی بەردەوام هەیە و دەبێ ماوە ماوە بەپێی خشتەیەکی دیاریکراو سەردانی پسپۆڕی جومگە و رۆماتیزم بکەن.