خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەب بە نووسەرێكی فەرەنسی بەخشرا

09-10-2014
هەڵات رێبوار
نیشانەکردن خەڵاتی نۆبڵ
A+ A-

رووداو – ئاژانسەکان

رۆژی پێنجشەممە پاتریك مۆدیانۆ-ی نووسەری فەرەنسی خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئەدەب پێبەخشرا، بەمەش بوو بە پازدەیەمین نووسەری فەرەنسی كە ئەم خەڵاتە وەربگرێت.

ئەكادیمیای سوێدی كە خەڵاتەكە دابەشدەكات، لە بارەی مۆدیانۆ لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند،" مۆدیانۆ لە رێگای بیرەوەرییەوە چارەنووسی مرۆڤی لە  نووسینەكانیدا نیشاندەدات و بەوهۆیەشەوە خەڵاتی نۆبڵی پێشکەشدەکرێت".

مۆدیانۆ لە ساڵی 1968 یەكەم رۆمانی خۆی بەناوی " La Place de l'étoile " كە واتای (كۆشكی ئەستێرە) دەگەیێنێت بڵاوكردووەتەوە و لە دوای ئەمەش چەند رۆمانێكی دیكەی نووسیون و چەند خەڵاتێكیشی بەهۆی نووسینەكانییەوە پێبەخشراوە.

" بۆ ئەوەی تۆ لەنێو گەڕەكەكەدا ون نەبیت" ناوی دواین كتێبی مۆدیانۆ-یە كە مانگی رابردوو بڵاویكردەوە.

مۆدیانۆ لە ساڵی 1945 لە دایكبووە و لە دوایین رۆمانیدا كە لە 160 پەڕ پێكهاتووە، خوێنەر دەباتە نێو دونیای نووسەر و لەنێو رابردوودا باسی منداڵە ونبووەكانی ساڵانی 1950 دەكات. مۆدیانۆ 878 هەزار یۆرۆ وەكو دیاری لەگەڵ خەڵاتی نۆبڵ وەردەگرێت و چاوەڕوانیشدەكرێت فرۆشی كتێبەكانی بە رێژەیەكی بەرچاو بەرزببنەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە