سبەی دووشەممە رۆژی جلی کوردییە

رووداو- هەولێر

لە هەرێمی كوردستان، رۆژی 10.3.2014، وەك رۆژی جلی كوردی دەستنیشانكراوە و هاونیشتمانییانیش لەو رۆژەدا جلوبەرگی كوردی دەپۆشن.

بەرگدوورێكی جلوبەرگی كوردیش دەڵێ، خەڵکێكی زۆر روویان لە دوورینی جلوبەرگی كوردی بۆ رۆژی جلی كوردی كردووە، بەڵام كوتاڵفرۆشێک باسی ئەوەدەكات، كە فرۆشی ئەمساڵیان بە بەراورد بە ساڵی رابردوو، كەمی كردووە.   

 رۆژی 10ـی مانگی ئادار، لەگەڵ نزیكبوونەوەی وەرزی بەهار و رەنگاوڕەنگبوونی سروشتی كوردستان، ئەو رۆژەش لە هەرێمی کوردستان وەك رۆژی جلی كوردی دیاریكراوە، رەنگاوڕەنگی وەرزی بەهار و جوانی جلی كوردی، لەم رۆژەدا ئاوێتەی یەكتردەبن.

جگە لەم رۆژە، هاونیشتمانییان وەك ئامادەكارییەک بۆ یاد و بۆنەكانی ئادار و نەورۆز، دەیانەوێ بە نوێترین مۆد و شێوازی جلی كوردییەوە دەرکەون.

جلی كوردی هەرچەندە مێژوویەكی دێرینی هەیە، بەڵام ساڵانە بەپێی سەردەم گۆرانكاری بەسەردادێت، بەڵام مۆركی خۆی وننەكردوە، لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەك و لە شارێكەوە بۆ شارێكی دیكە شێوازەكەی دەگۆرێت.