دەرمانێكی نوێ بە یەك ژەم مەلاریا كۆنترۆڵدەكات

08-09-2016
سەروەر سالار
نیشانەکردن مەلاریا
A+ A-

رووداو-سلێمانی

زانایان لە توێژینەوەیەكی نوێیاندا دەڵێن دەرمانێكی نوێیان دۆزیوەتەوە كە تەنیا بە یەك ژەم و بە بەكارهێنانی بڕێكی كەم لێی، دەتوانێ نەخۆشیی مەلاریا لە جەستەدا كۆنترۆڵ بكات.

لە توێژینەوەكەدا دەرمانەكە بە یەك ژەم بە مشكەكانی تاقیگە دراوە كە تووشی مەلاریا بوون، دەركەوتووە لە ماوەی ئەو مانگەی توێژینەوەكەی تێدا ئەنجامدراوە، نەخۆشییەكە لەنێو جەستەیان نەماوە.

دەرمانەكە نوێیەكە هەم لەنێو جگەر و هەم لە سووڕی خوێندا كاردەكات بۆ سەركوتكردنی مشەخۆری مەلاریا.

مەلاریا بەهۆی پێوەدانی مێیەی مێشوولەی ئەنۆفلیس لەنێوان خەڵكی دەگوێزرێتەوە و بە گرفتێكی گەورەی جیهانی دادەنرێ، بەجۆرێك لەساڵی 2015 دا و لەسەر  ئاستی جیهان بووەتەهۆی نەخۆشبوونی 214 ملیۆن كەس و مردنی 438 هەزار كەس.

جگە لە بەكارهێنانی دەرمانی قڕكەری مێشوولە و پەردەكولـلە بۆ رێگری لە مێشوولەی گوازرەوەی نەخۆشییەكە، دەرمانی دژی مشەخۆری مەلاریا هەن، بەڵام ئێستا بەشێك لە مشەخۆرەكان بەرگرییان لەدژی دەرمانە كلاسیكییەكە پەیداكردووە. بۆیە دۆزینەوە نوێیەكە بۆ نێوەندە زانستی و تەندروستییەكان جێگەی خۆشحاڵییە.

توێژینەوە نوێیەكە لە جۆرناڵی زانستی (نەیچەر) بڵاوبووەتەوە و پۆرتاڵی بی بی سی ئاماژەی پێكردووە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە