بەهارات گوشاری خوێن دادەبەزێنێ

06-11-2017
سەروەر سالار
نیشانەکردن بەهارات، خوێ، گوشاری خوێن
A+ A-


رووداو-سلێمانی

توێژینەوەیەکی نوێ لە چین دەڵێ ئەوانەی بەهاراتی زۆر لە ژەمەکانیان هەیە، خوێی چێشت کەمتر دەخۆن و گوشاری خوێنیشیان کەمترە، ئەوەش ئەگەری تووشبوونیان بە جەڵتەی دڵ و مێشک کەمدەکاتەوە.


توێژینەوەکە، کە لەسەر 606 کەسی پێگەیشتوو ئەنجامدراوە و لە جۆرناڵی زانستی (هایپەرتێنشن) بڵاوبووەتەوە و رۆیتەرز ئاماژەیپێکردووە، دەریخستووە ئەوانەی بەهارات کەم دەخۆن رۆژانە 13.4 گرام خوێی چێشت دەخۆن، بەڵام ئەوانەی بڕێکی زۆرتری بەهارات دەخۆن، رۆژانە بە تیكڕا 10.3 گرام خوێی چێشت دەخۆن.

لە توێژینەوەکەدا هەروەها دەرکەوتووە، ئەوانەی بەهارات زیاتر دەخۆن گوشاری سەرەوەی خوێنیان بە بڕی 8 ملم.جیوە و گوشاری خوارەوەیان 5 ملم.جیوە کەمترە، بەراورد بەوانەی بەهارات کەم دەخۆن یان نایخۆن.

د. ژیمینگ ژو، سەرۆکی تیمی توێژینەوەکە، لە زانکۆی پزیشکیی سوپای سێیەم لە شاری چۆنگکینگ دەڵێ "توێژینەوەکەمان دەریخست زۆر خواردنی بەهاراتەکان رێگایەکی گرنگە بۆ کەمکردنەوەی بڕی خوێی نێو ژەمەکان و دابەزاندنی گوشاری خوێن، جا خۆراکەکان هەر جۆرێک بن".

دکتۆر ژو هەروەها دەڵێ "رێنمایی خەڵکی دەکەین تاکو دەتوانن زۆرتر پشت بە بەهاراتەکان ببەستن لە ژەمەکانیان".

جگە لە پرسیارکردن لە نەریتی خۆراکیی و پێوانی گوشاری خوێن، توێژەرەکان سکانی مێشکی بەشداربووانیشیان کرد و بۆیان دەرکەوت بەهاراتەکان زۆرتر لە خوێ سەرنجی میشک رادەکێشن و چالاکی دەکەن. بەوجۆرە خواردنی بەهارات وادەکات مێشک کەمتر داوای خواردنی سوێر بکات!

پێشووتر توێژینەوەکان دەریانخستووە زۆر خواردنی خوێی چێشت لە ژەمەکاندا دەبێتەهۆی بەرزبوونەوەی گوشاری خوێن و زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و میشک.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە