منداڵی بلووری زۆرتر مەترسی قەڵەوبوونیان لەسەرە

رووداو-سلێمانی

توێژینەوەیەکی نوێ لە هۆڵەنداوە دەڵێ ئەو منداڵانەی بە تەکنۆلۆجیای منداڵی بلووری لەدایکدەبن، ئەگەری قەڵەوبوونیان زیاترە لە منداڵانی دیکە.

رۆژنامەی دەیلی مەیل-ی بەریتانی دەڵێ منداڵی بلووری لە تەمەنی نۆ ساڵیدا بە تێکڕا کێشی نزیکەی 700 گرام زیاترە لە منداڵێكی هاوتەمەنی خۆی کە بە رێوشوێنە سرووشتییەکان لەدایک بووبێ.

لە توێژینەوەکەدا هاتووە پیتاندنی دەستکرد وادەکات جەستەی منداڵ بڕێکی زۆرتر چەوریی هەڵبگرێ، تەنانەت ئەگەر ئەو منداڵە هەمان خواردنی منداڵێکی دیکەش بخوات!

د.هێلین زاندسترا، سەرۆکی تیمی توێژینەوەکە لە زانکۆی ماستریخت لە هۆڵەندا، گوتوویەتی ئەم زیادییەی کێشی منداڵانی بلوری مایەی دڵەڕاوکێ و نیگەرانییە، چونکە ئەگەری زۆرترە ئەو منداڵانە لە داهاتوو کەسانی پێگەیشتووی قەڵەویان لێدەربچێ "بەوەش دوور نییە منداڵانی بلووری لە بەردەم مەترسییەکی زۆرتری تووشبوون بن بە نەخۆشییەکانی دڵ و بۆڕییەکانی خوێن لە تەمەنەکانی زۆرتردا".

توێژینەوەکە لەسەر 136 منداڵی بلووری ئەنجامدراوە و تێیدا هاتووە دوورنییە هۆکاری ئەو قەڵەوییەی منداڵانی بلووری ئەو هۆرمۆنانە بێ کە بەر لە دارووستبوونی منداڵ دەدرێنە ئەو خانمانەی بە نیازی دروستکردنی منداڵی بلوورین.