چۆن تووشبوونمان بە نەخۆشیی دڵ کەمبکەینەوە


رووداو-سلێمانی

پرۆفیسۆر هێلمۆت گیۆلکە، پسپۆڕ لە نەخۆشییەکانی دڵ، لە لێداونێکدا بۆ ئاژانسی دەنگوباسی ئەڵمانی ئەو نەریتانە رووندەکاتەوە کە دەبنەهۆی کەمبوونەوەی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ بە گشتی و جەڵتەی دڵ تایبەتی.


وەک پرۆفیسۆرە ئەڵمانییەکە روونیدەکاتەوە پیادەڕوییەکی خێرا بۆ 90 خولەک لە هەفتەیەکدا، ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ بە راددەی 15% کەمدەکاتەوە.

هەروەک رێنماییتان دەکات بە پیادەکردنی سیستمێکی تەندروستانەی خۆراک، دەکرێ ئاستی چەورییە زیانبەخشەکانی خوێن کەمبکەنەوە و بەوەش تەندروستی دڵتان بپارێزن.

سەبارەت بەو سیستمە خۆراکییەی دەبێتەهۆی دابەزاندنی ئاستی کۆلیسترۆڵی خوێن، پرۆفیسۆر گیۆلکە ئاماژە دەکات بە خواردنی بەرهەمەکانی دانەویڵەکان بە تویکڵەکانیانەوە، میوەکان و سەوزەکان، هەروەها بادام و چەرەسە جیاوازەکان بە رەچاوکردنی بڕی ئەو کالۆرییەی تێیاندایە.

گرنگیشە زۆرتر پەنا بۆ رۆنە رووەکییەکان ببرێت نەک ئاژەڵییەکان، بە تایبەت رۆنی زەیتوون، گوڵەزەردە و گوڵەمۆرە، چونکە رۆنی ئەمانە بە چەورییە ناتێرەکانی وەک ئۆمێگا-3 دەوڵەمەندە کە گرنگە بۆ تەندروستی دڵ و بۆڕییەکانی خوێن.

وازهێنان لە جگەرە دەبێ لە سەری سەرەوەی لیستی ئەرکەکانت بێ بۆ دووربوون لە جەڵتەی دڵ، چونکە جگەرەکێشان تووشبوون بە نەخۆشیی بۆڕییەکانی خوێنی دڵ دوو هێندە زیاددەکات.

پرۆفیسۆرەکە دەڵێ هیچ کاتێک درەنگ نییە بۆ وازهێنان لە جگەرەکێشان، چونکە ئەوەی لە جگەرە دووربکەوێتەوە، دوای دوو ساڵ مەترسیی تووشبوونی بە جەڵتەی دڵ هاوشێوەی کەسێکە کە هەرگیز جگەرەی نەکێشاوە.