باشترین خۆراک بۆ کۆئەندامی بەرگری


رووداو- سلێمانی

خواردەمەنی تەنیا بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییە خۆراکییەکان و دابینکردنی وزە بۆ جەستە نییە. بەڵکو بەشێکیان هاوکاریی جەستە دەکەن لە جەنگی دژی نەخۆشییەکاندا. 


ئەمانە بەشێک لەو خۆراکانەن: 

1- بیبەری تیژ: 
هۆکاری تیژیەکەی بیبەر، ماددەیەکە بەناوی (کاپسایسین). دەرکەوتووە دژی هەوکردنە و جومگە هەوکردووەکانی جەستە هێور دەکاتەوە، بۆیە ئێستا بەشێوەی جێڵ و کرێم ئامادە دەکرێ و جومگەکانی پێ چەور دەکرێ. 

2- لیمۆ: 
لیمۆ بە رەگەزێکی تایبەت دەوڵەمەندە کە پێیدەگوترێ "فلاڤیونۆیدە زیندەگییەکان". ئەمە دوژمنی ئەو رەگەزە بەرەڵایانەیە کە رێگا خۆشدەکەن بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە. هەروەها بە ڤیتامین (C) دەوڵەمەندە کە ئەویش دژەئۆکسێنە و دەرکەوتووە گرنگە بۆ بەهێزکردنی بەرگری لە دژی هەڵامەت و ئەنفلۆنزا. خواردنەوەی شەربەتی لیمۆ لە رێگا هەرە ئاسانەکانە بۆ دەستکەوتنی بڕی پێویستی رۆژانەی ڤیتامین.C  

3- سێو: 
توێژینەوەیەک کە ساڵی 2015 کراوە، دەریخستووە ئەو کەسانەی رۆژانە سێوێک دەخۆن، کەمتر لە لە کەسانی دیکە پێویستیان بە دەرمانە بۆ پاراستنی تەندروستییان، هەروەک هەوادارانی سێو کەمتر بە نیشانەکانی رەبۆ هەراسان دەبن. 

سێو هەروەها بە ریشاڵی خۆراکی دەوڵەمەندە، دەریشکەوتووە ریشاڵەکان خاسیەتی رووبەڕووبوونەوەی هەوکردنە درێژخایەنەکان لە جەستەدا بەهێز دەکەن، ئەوە جگە لەوەی هەستی تێربوون دەبەخشن و ئارەزووی مرۆڤ بۆ شیرینییە دەستکردەکان کەمدەکەنەوە کە هۆکارێکی لاوازیی سیستمی بەرگربی جەستەیە. 

4- سیر: 
بۆنە ناخۆشەکەی سیر بەهۆی ماددە گۆگردییەکانی وەک (ئەلیسین)ە کە دژی ئەنزیمەکانی هەواداری هەوکردنە، هەروەک لە پێکهاتەی سیردا رەگەزگەلی دژە شێرپەنجە هەن، ئەوە جگە لەوەی سیر دژی مەیینی خوێنە و بەوەش بۆ رێگرتن لە جەڵتەی دڵ و مێشک بەسوودە. 

5- سندی: 
یەک سندی، دەتوانێ بەشی شەو و رۆژێک ڤیتامین C بە جەستەت ببەخشێ کە دژە ئۆکسێنە و پشتیوانی کۆئەندامی بەرگرییە، هەروەها یارمەتی هەڵمژرانی ئاسن لە ریخۆڵەکاندا دەدات کە ئەوەش لە کەمخوێنی دوورت دەخاتەوە و بڕی ئۆکسجینی رۆیشتوو بۆ خانە و شانەکانی جەستە زیاد دەکات و ئەوەش رێگایەکی دیکەی بەهێزکردنی بەرگربی جەستەیە لە دژی نەخۆشییەکان. 

6- زەنجەفیل: 
زەنجەفیل دژەئۆکسێنە و دژی هەوکردنە لە جەستەدا، هەروەها لە رێگای بەخشینی بێتاکارۆتین و کاپاسیسین پشتیوانییەکی زیاتر دەداتە کۆئەندامی بەرگریی جەستە. زەنجەبیل هەروەها دژی دڵتێکهەڵاتن و رشانەوەیە و رێگرە لە قەڵەوبوون و تووشبوون بە شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ. 

7- رازیانە: 
رازیانە دژی هەڵامەتە، لینجاوی لوولە هەوکردووەکانی هەناسە دەکاتە دەرێ و هەوکردنی قوڕگ هێوردەکاتەوە، هەروەک بە پۆتاسیۆم دەوڵەمەندە و رێگا لە وشکبوونەوەی جەستە دەگرێ، ئەوانەش هەموو رێگای جیاوازن بۆ بەهێزکردنی بەرگربی جەستە لە دژی چەندین نەخۆشی.