تاکو تەمەنی باوک گەورەتر بێ ئەگەری شکستهێنانی منداڵی بلووری زیاترە

03-07-2017
سەروەر سالار
نیشانەکردن بەپیتی، منداڵی بلووری
A+ A-

رووداو-سلێمانی

سەرکەوتنی پرۆسەی منداڵی بلووری تەنیا بە تەمەنی دایکەوە پەیوەست نییە و تەمەنی باوکیش رۆڵی هەیە، توێژینەوەیەکی نوێی ئەمریکایی وادەڵێ.

لە توێژینەوەکەدا دەرکەوت پیاوانی بەتەمەن چانسی دروستکردنی منداڵیان لە گەنجەکان کەمترە، ئەگەر خانمەکە هەمان تەمەنیش بێ.

توێژینەوەکە لەلایەن توێژەرانی زانکۆی هارڤەرد لەسەر 19 هەزار پرۆسەی منداڵی بلووری ئەنجامدراوە و ئەنجامەکەشی لە کۆنفرانسی کۆمەڵەی ئەورووپی بۆ زۆربوون و کۆرپەلەزانیی مرۆڤ پشکەشکرا.

دۆزینەوەکە دژی ئەو بۆچوونە باوەیە کە دەڵێ پیاو بە دریژایی تەمەنی توانای پیتاندن و منداڵ درووستکردنی دەمێنێتەوە.

لە پیاوانی بەتەمەندا بازدانی بۆماوەیی لە تۆودا روودەدەن و ژمارەی تۆوەکانیش کەمدەکەن، ئەوەش توانای منداڵ درووستکردنیان کەمدەکاتەوە.

هەندێک توێژینەوەی پێشوو دەریانخستووە تۆوی پیاوانی بەتەمەن زۆترت تووشی ناتەواویی بۆماوەیی دەبنەوە، ئەوەش ئەگەری ئەوە زیاتر دەکات منداڵەکانیان تووشی شیزۆفرینیا و ئۆتیزم ببن.

بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا، هەڵکشانی تەمەنی خانمان کاریگەرییەکی زۆرتری هەیە لەسەر شکستهێنانی پرۆسەکانی منداڵی بلووری، بەراورد بە پیاوان.

لە توێژینەوە نوێیەکەدا دەرکەوت ئەگەر خانمەکە تەمەنی 30 ساڵان بێ، ئەوە کاتێک پیاوەکە تەمەنی 40-42 ساڵان بێ، ئەگەری شکستهێنانی منداڵی بلووری بە راددەی 46% زیاترە بەروارد بەوەی پیاوەکە تەمەنی 30-35 ساڵان بێ.

هەروەها ئەگەر خانمێک تەمەنی 35 ساڵان بێ، کاتێک هاوژینەکەی تەمەنی لە خوار 30 ساڵانەوە بێ، ئەگەری سەرکەوتنی پرۆسەی منداڵی بلوری بەشێوەیەکی بەرچاو زیاترە بەروارد بەوەی هاوژینەکەی تەمەنی لە نێوەڕاستی سییەکانی تەمەنی بێ.

توێژەرەکان دەڵێن دەبێ لەمەودوا لەکاتی ئەنجامدانی پرۆسەی منداڵی بلووریدا، سەرنج هەر لەسەر تەمەنی خانمەکە نەبێ، بەڵکو تەمەنی پیاویش بە هەند وەربگیرێ.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە