رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نرخی مریشک زیاتر دابەزیوە، بەهۆی ئەوەی ئێستا مریشک هەناردەی خواروو و نێوەڕاستی عێراق ناکرێت.
سێشەممە31ـی کانوونی یەکەمی 2024، فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەفتەیەک پێش ئێستا نرخی یەک کیلۆ مریشکی گەورە (زیاتر لە 3 کیلۆ) بە دوو هەزار و 600 دینار بوو لە پەلەوەرخانەکان، بەڵام ئێستا نرخەکەی دابەزیوە بۆ دوو هەزار و 200 دینار".
فیراس سدیق گوتی، "مریشکی بچووک (کەمتر لە 3 کیلۆ) بە دوو هەزار و 300 دینار بوو، بەڵام ئێستا بە هەزار و 850 دینارە".
سەرەتای ئەم مانگە یەک کیلۆ مریشکی گەورە (زیاترە لە 3 کیلۆ) بە دوو هەزار و 800 دینار بوو لە پەلەوەرخانەکان، بەڵام لە نێوەڕاستی مانگ نرخەکەی دابەزی بۆ دوو هەزار و 500 دینار، هەروەها مریشکی بچووک بە دوو هەزار و 450 دینار بوو دابەزی بە دوو هەزار و 250 دینار.
نرخی کیلۆیەک مریشکی زیندوو لە سەرەتای ئەم مانگەوە تاوەکو کۆتایی مانگ 600 دینار دابەزیوە.
لە بارەی هۆکاری دابەزینی نرخی مریشک فیراس سدیق دەڵێت، "پەلەوەرخانەکانی عێراق، بەرهەمی مریشکیان پێگەیشتووە و ئیدی لە هەرێمی کوردستان هاوردەی ناکەن، رێگرییەکانی حکومەتی ناوەندی بۆ هەناردەکردنی مریشکی زیندوو بۆ عێراق و نرخی گواستنەوە، بوونەتە هۆی ئەوە مریشک بە گرانی بگاتە عێراق، ئەوەش وایکردووە پشت بە بەرهەمی خۆیان ببەست".
ساڵانە لە نێوخۆ زیاتر لە 265 هەزار تۆن گۆشتی مریشک بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام هەرێمی کوردستان لە یەک ساڵدا پێویستی بە 146 هەزار تۆن گۆشتی مریشکە، ئەوەی زیاد بێت هەناردەی پارێزگاکانی عێراق دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ