رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی تورکیا دەڵێت: دوایین پێشهاتەکانی رۆژەڤ پەیوەندی بە پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە هەیە و ئەوان هیوادارن ئەو پرۆسەیەی دەستیپێکردووە سەرکەوتوو بێت.
سەرکان رامانڵی، پەرلەمانتار و گوتەبێژی هوداپار لەبارەی دیداری شاندی دەم پارتی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان وەڵامی چەند پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە.
رامانڵی رایگەیاند، هیوادارن مافەکانی کورد بپارێزرێن و دەوڵەتی تورکیا ئەو ماف و ئازادییانەی کورد کە پێشێلکراون قبوڵ بکات و بیانگەڕێنێتەوە.
شەڕ و پێکدادان زیانی بە کورد گەیاندووە
سەرکان رامانڵی باسی پێشهاتەکانی پرۆسەکەی کرد و گوتی: "پێویست ناکات شەڕ و پێکدادان بکەوێتە نێوان میللەتی تورکیاوە و خاک خوێناوی ببێت. لە پەرلەمان بە رازیکردنی گەل و بە رێگای یاسایی دەتوانین ئەو ماف و ئازادییانە بپارێزین و بەدەستیان بێنین."
"هیوادارین ئەم پرۆسەیە سەرکەوتوو بێت. ئەوەی دەیبینین و بینیومانە لە ماوەی 40 ساڵدا خوێنی کورد رژاوە".
ئەو پەرلەمانتارەی هوداپار ئاماژەی بەوەکرد، "خاکی کورد خوێناوی بووە، گوندەکانمان وێران بوون. لەبەر ئەم شەڕ و پێکدادانانە زۆرترین زیان بە گەلی کورد گەیشتووە".
رامانڵی داوای کۆتاییهاتنی شەڕ دەکات و دەڵێت، "دەمانەوێت ئەم شەڕ و پێکدادانانە بوەستن و خەباتی ئێمە و سیاسەتەکەمان بە رێگایەکی یاسایی بەردەوام بێت تاوەکو ئێمەش بگەینە ماف و ئازادییەکانمان".
بە بڕوای ئەو پەرلەمانتارە، دوای دامەزراندنی دەوڵەتی تورکیا، "بیرکردنەوەی جەهەپە؛ کورد و خەڵکی دینداری کردە دوژمنی خۆی. خەڵکی دینداریش خەباتی خۆیان کرد، سیاسەتی خۆیان بەڕێوەبرد، پارتەکانیان داخران و بەڕێوەبەرەکانیشیان دەستگیرکران، بەڵام لە سیاسەت نەکشانەوە و چەکیان هەڵنەگرت".
رامانڵی: کورد بەبێ چەک دەتوانێت مافەکانی بەدەست بێنێت
پەرلەمانتارەکەی هوداپار، نموونە بە حیزبەکەی نەجمەدین ئەربەکان دەهێنێتەوە و دەڵێت: ئەمڕۆ بە دەستی رەجەب تەیب ئەردۆغان کێشەکانی دینداری چارەسەر کراون، "ئێمەش وەکو کورد دەتوانین بەبێ چەک مافەکانی خۆمان بەدەستبێنین، ئەوەی پێویستمانە ئەمەیە. پێویستە گەلی تورکیا رازی بکەین".
سەرکان رامانڵی دەڵێت: 40 ساڵە چەک بەکاردەهێنرێت، کۆمەڵکوژی کراوە، بەڵام هیچمان بەدەست نەهێناوە. هیوادارین بەو پرۆسەیە؛ بەکارهێنانی چەک کۆتایی بێت و گەل مافی خۆی وەربگرێت و مافەکانی گەلەکەمان لە رێگەی سیاسەتەوە بپارێزرێن".
"پێویستە پەکەکە چەک دابنێت"
رامانڵی باسی دۆخی سیاسیی تورکیای کرد و بەم شێوەیە بەردەوام بوو، "پێویستە نە باسی سەرکەوتن و نە باسی شکست بکرێت، ئەم پرسە پرسێکی گرنگە، دەوڵەتی تورکیا قەرزاری میللەتی کوردە".
بە گوتەی رامانڵی، "ماف و ئازادییەکانی کورد پێشێل کراون. ئەم چەک و کوشتنانەی کەوتووەتە نێوانمان ئەنجامی ئەمەیە. دەمانەوێت ئەم کوشتنە لە نێوانمان نەمێنێت. دۆخی تورکیا وەکو 20 و 30 ساڵ لەمەوبەر نییە. رێگای سیاسەت ئێستا کراوەیە".
رامانڵی پێیوایە ئیدی کەسێک نییە لە تورکیا رێگە لە سیاسەت بگرێت، "مادام رێگای سیاسەت کراوەیە، پێویستە بە رێگای یاسایی رێگای سیاسەت و مەدەنی بخەینە پێشەوە".
"متمانەی خەڵک بە چارەسەری لاواز بووە"
پەرلەمانتارەکەی هوداپار پێیوایە، متمانەی خەڵک بە چارەسەری لاواز بووە، "وەکو جاران نییە، بەڵام پێویستە خاوەن متمانە بین. پێش 10 ساڵ کاتێک پرۆسەی چارەسەری دەستیپێکرد، ئێمەش هیوادار بووین کە ئەنجامێکی ئەرێنی هەبێت، بەڵام بەداخەوە ئەوە نەبوو".
جەخت لە بەردەوامیش دەکاتەوە و دەڵێت، "بێمتمانەیی لای خەڵکی ئێمە هەیە، بەڵام ناکرێت خۆمان بێ هیوا بکەین. پرۆسەی پێشوو ئەوە بوو کە دەیانگوت 'مافەکانی کورد دەزانین و قبووڵی دەکەین'، بەڵام پرۆسەی ئێستا ئەوەیە کە پەکەکە چەک دابنێت".
ئەم پرۆسەیە بۆ ئەوە دروستکراوە کە پەکەکە چەک دابنێت
پەرلەمانتارە کوردەکەی تورکیا پێیوایە، ئەم پرۆسەیە بۆ ئەوە دروستکراوە کە پەکەکە دەست لە چەک هەڵبگرێت، "ناتوانین بڵێین ئەگەر پەکەکە چەک دابنێت، دەوڵەت هەموو مافەکانی کورد دەدات. شتێکی وا نییە، مامەڵەیەکی وا نییە. هیچ کەسێکیش باسی ئەوە ناکات".
"دەبێ ئێمەش هەمان مافی تورکمان هەبێت"
سەرکان رامانڵی دەڵێت: ئەوەی دەگوترێت ئەوەیە کە پێویستە رێگەی پاراستنی مافەکانی کورد نەک بە چەک بەڵکو بە رێگای سیاسەت بێت، "ئەگەر بەڕێوەبەرانی قەندیل خێری کورد بخوازن، پێویستە چەک دابنێن... وا دیارە عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش پشتیوانی لەم پرۆسەیە دەکات و وەکو گوتم هیوادارین ئەم پرۆسەیە سەرکەوتوو بێت. ئێمەش دامەزرێنەری دەوڵەتی تورکیاین، خوێندن بە زمانی ئێمە نییە، ناوچەی ئێمە پێشنەکەوتووە، مافەکانی تورک چین دەبێت ئێمەش هەمان مافمان هەبێت".
دەشڵێت، "ئێمە لە هیچ کەسێک کەمتر نین و لە سەرووی هیچ کەسێکیشەوە نین، پێویستە وەکو یەک بین. مافەکانی خۆمان دەوێت و ئەو بیانووانەی لێکمان جیادەکەنەوە، ئەو چەکانە لەنێوبچن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ