بەڵگەنامەیەکی بەریتانی: تۆنی بلێر لەسەر شەڕی عێراق لە جاک شیراک تووڕە بووە

رووداو دیجیتاڵ
 
ژمارەیەک بەڵگەنامەی بەریتانی کە ئەمڕۆ سێشەممە، بۆ رای گشتی ئاشکراکراون، پێشانیدەدەن، تۆنی بلێر، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا لە جاک شیراک، سەرۆکی فەرەنسا تووڕە بووە لەسەر ئەوەی ویستوویەتی لە نەتەوە یەکگرتووەکان رێگری لە هێرشی ساڵی 2003ی سەر عێراق بکات. 
 
بەگوێرەی بەڵگەنامەکان، دوای ئەوەی شیراک رایگەیاندبوو لە ئەنجوومەنی ئاسایش ڤیتۆ دژی هێرشی سەر عێراق بەکاردێنێت، 17ی ئاداری 2003، حکومەتی بەریتانیا کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی کردووە و تێیدا وەزیرەکانی هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی "هەڵوێستی فەرەنسا میکانیزمی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ چەسپاندنی خواستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تێکداوە."
 
بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامانە کە لە لایەن ئەرشیڤی نیشتمانیی بەریتانیاوە بڵاوکراونەتەوە، بلێر لە کۆبوونەوەکەدا گوتوویەتی: "هەموو هەوڵێکمان دا،" بەڵام فەرەنسییەکان "ئامادە نەبوون رازیبن بەوەی ئەگەر سەدام حوسێن، سەرۆکی عێراق پابەندی بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان نەبێت، هەنگاوی سەربازی لە دژی بنرێت."
 
بەریتانیا لەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەدا بەشدار بوو کە بە سەرکردایەتیی ئەمریکا لە ساڵی 2003 کۆتایی بە سەدام حوسێن هێنا، وێڕای ئەوەی لە نێوخۆی بەریتانیا بەشێکی زۆری خەڵک و سیاسەتڤانان بە تووندی دژایەتیی بەشداربوونی وڵاتەکەیان لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەکرد. پاساوی تۆنی بلێر بۆ بەشداریکردن لە جەنگەکە، ئەوە بوو کە سەدام بڕێکی زۆری چەکی کۆمەڵکوژی هەیە.
 
دەنگۆی چەکە کۆمەڵکوژەکە لە لایەن ئیدارەی جۆرج بووشی کوڕ، سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکاوە، زیاتر و زیاتر گەورە کرا، بەڵام دواتر لێکۆڵینەوەیەکی بەریتانی دەریخست بەو جۆرە نەبووە کە وڵاتانی رۆژئاوا بانگەشەیان بۆ دەکرد.
 
بە گوێرەی ئەو بەڵگەنامانە، جاک سترۆو، وەزیری ئەوکاتی دەرەوەی بەریتانیا بە حکومەتی وڵاتەکەی راگەیاندبوو، "یەک ئەندامی ئەنجوومەنی ئاساییش بەربەستی بۆ هەموو پرۆسەکە دروستکردووە،" کە مەبەست لێی فەرەنسا بوو، هەروەها جاک شیراکی تۆمەتبارکردبوو بەوەی بڕیاریداوە "ناکۆکیی ستراتیژیی لەنێوان فەرەنسا و بەریتانیادا دروستبکات."
 
سێ رۆژ دوای ئەو کۆبوونەوەیە، سترۆو رایگەیاندبوو: "وادیارە شیراک دەیەوێت ببێتە سەرکردەی لایەکی ئەو جیهانە دوو جەمسەریەی کە خۆی داوای دەکات،" لە بری ئەوەی جیهانێکی تاکە جەمسەر دروستبێت کە ئەمریکا بەسەریدا زاڵ بێت. 
 
بەڵام بەریتانیا ئەو روانگەیەی بۆ جیهان بە دڵ نەبوو. لە کۆبوونەوەکەی 17ی ئاداردا، بە وەزیرەکانی بەریتانیا راگەیێندرابوو، لەندەن "هیوای جیهانێک دەخوازێت کە تێیدا پەرە بە دادپەروەری، حکومڕانیی باش و فرەلایەنی بدرێت، هەر ئەمەش [بەریتانیا] لە حکومەتەکانی دیکەی جیهانی پیشەسازی جیادەکاتەوە."
 
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا "سەرۆکوەزیران گوتی، ئیدی پڕۆسەی دیپلۆماسی کۆتایی هاتووە. دوایین بژاردە بە سەدام حوسێن دەدرێت بۆ ئەوەی عێراق جێبێڵێت. داوا لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەکرێت پشتیوانی لە بەکارهێنانی هێز لە دژی عێراق بکات، ئەگەر پێویست کرا."
 
"دڵگرانی و پەشیمانیی" بلێر
 
20ی ئاداری 2003، بەریتانیا لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان، بەشداری لە هێرشی سەر عێراق کرد، وێڕای ئەوەی یەک ملیۆن کەس لە لەندەن لە دژی هەنگاوە سەربازییەکە خۆپێشاندانیان کرد. 
 
هێرشە سەربازییەکە و ئەو جەنگەیشی بەدوایدا هات، زیانی گەورەی بە نێوبانگی بلێر گەیاند و جەماوەرەکەی هەڵوەراند. تا وای لێهات لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ لەنێو بەریتانیا دەستیپێکرد و لە ساڵی 2016 گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە بلێر بە مەبەست هەڕەشەی عێراقی قەبە کردووە بۆ ئەوەی رەوایەتی بە هێرشەکە بدات.